ئێران لە 12 رۆژدا زیاتر لە 3000 مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کردووە
رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی رۆژانی رابردوو وڵاتانی کەنداو رۆژی چوارشەممە 11-3-2026 رووبەڕووی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بوونەوە، هەریەکە لە قەتەر، سعودیە، ئیمارات، کوێت، بەحرێن بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کرایەسەر.
هێرشەکانی سەر قەتەر
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 رایگەیاند، "بەرپەرچی هێرشی مووشەکی ئێرانیان داوەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی قەتەریش دەڵێت:" دوای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەمنییەکە دۆخی وڵات سرووشتی و ئاسایی بووەتەوە."
جگە لەو هێرشانەی لە چوارشەممە کرانە سەر قەتەر، لەماوەی 12 رۆژدا ئێران 54 مووشەک و 69 درۆنی ئاراستەی قەتەر کردووە، رۆژانە وڵاتەکە بەرپەرچی درۆن و مووشەکەکان دەداتەوە، بەهۆی هێرشیشەوە گەورەترین کێڵگەی گازی لە قەتەر داخراوە کە کاریگەری لەسەر نرخی گازی سرووشتیش لە جیهان هەبووە.
سعودیە
هەر رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە زنجیرەیەک بەیاننامەدا بەرپەرچدانەوەی 7 مووشەکی ئێرانی راگەیاند و دەڵێت:" شەش لەو مووشەکانە ئاراستەی بنکەی ئەمیر سوڵتانی ئاسمانی کراون لە پارێزگای خەرەج، هەروەها مووشەکی حەوتەم ئاراستەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە کراون.
سعودیەش یەکێک لەو وڵاتانەی لەماوەی 12 رۆژی رابردوودا رووبەڕووی کۆمەڵێک هێرشی ئێران بووەتەوە، بەپێی ئاماری فەرمی وڵاتەکە 10 مووشەک و 105 درۆن لەو ماوەیەدا ئاراستەی سعودیە کراون.
رۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند:" سێ درۆن لە پارێزگای خەرەج خراونەتە خوارەوە، هەروەها دوو درۆنی دیکەش بە ئاراستەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە بوون،،دوو درۆنی دیکەش لەناوچەی رەبع تێکشکێنراون.
ئەوە لەکاتێکدا تەنیا رۆژی دووشەممە سعودیە 23 درۆنی ئێرانی تێکشکاند و بەرپەرچی دانەوە.
ئیمارات
بەپێی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی دوبەی، بەرەبەیانی چوارشەممە دوو درۆن تێکشکێنراون بەڵام لە ئەنجامی کەوتنیاندا چوار کەس برینداربوون.
نووسینگەکە دڵنیایی دەدات جموجۆڵی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانە ئاساییە و هیچ نەگۆڕاوە.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە X رایگەیاند، "بە رێک و پێکی بەرپەرچی دەسدرێژییە مووشەکیەکان و درۆنەکانی ئێران دراونەتەوە، ئەو دەنگانەی لە ناوچەی جیاواز بیستران، ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکان بووە لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی بازرگانی دەریایی کەشتییەک بە هاوەن کراوەتە ئامانج بە دووری 40 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای میرنشینی رەئسولخەیمە، بەڵام هیچ زیانی نەبووە.
لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا ئێران 262 مووشەکی بالیستی، 1475 درۆن و 8 مووشەکی کروزی ئاراستەی ئیمارات کردووە ، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئەو ئامارانەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت، "241 مووشەکمان تێکشکاندووە، 19 مووشەک لە دەریا کەوتوونەتە خوارەوە،2 لەسەر خاکی وڵات،" بێ ئەوەی ئەنجامەکەی رابگەیێنێت.
لەبارەی درۆنەکانیش وەزارەتەکە دەڵێت، "لە کۆی 1475 درۆن کە ئاراستەی وڵات کراون،1385 درۆن تێکشکێنراون،90 درۆن لە ناوچەی جیاواز کەوتوون، 8 مووشەکی کرووزیش بەرپەرچ دراوەتەوە."
کوێت: ئەمڕۆ 8 درۆنمان تێکشکاندووە
هاوکات لە کوێت، پاسەوانی نیشتمانی کوێت، رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 رایگەیاند، 8 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانمان خستووەتە خوارەوە، میدیای فەرمی کوێت لەزاری عەمید جەدعان فازڵ گوتەبێژی پاسەوانی نیشتمانی رایگەیاند، "لە ناوچەی جیاواز 8 درۆن خراونەتە خوارەوە، هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانە."
ئەوەش لە کاتێکدایە میدیای ئێران رایگەیاند، بە مووشەک بنکەی ئەمریکا لە عەریفجان بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج.
بە کۆی گشتی لە 12 رۆژدا ئێران 237 مووشەک و 445 درۆنی ئاراستەی کوێت کردووە و زۆربەیان بەرپەرچ دراونەتەوە.
بەحرێن
رۆژی چوارشەممە 11-3-2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ خەڵک لێدا بۆ ئەوەی لە ناوچەی سەلامەت بمێننەوە، بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە.
لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا ئێران 106 مووشەک و 176 درۆنی ئاراستەی بەحرێن کردووە، بەپێی زانیاری فەرماندەیی گشتی هێزەکانی بەرگریی وڵاتەکە :" 106 مووشەکە هەمووی بەرپەرچدراونەتەوە و تێکشکێنراون، هەموو درۆنەکانیش بەرپەرچدراونەتەوە.
ئوردن و عومان
ئوردن یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی رۆژانە هێرشی دەکرێتە سەر، بەپێی ئاماری مستەفا حەیاری، گوتەبێژی سوپای ئوردن لە ماوەی 11 رۆژی رابردوودا 60 مووشەک و 59 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئاراستەی شانشینەکە کراون، بە کۆی گشتی بەرپەرچی 108 درۆن و مووشەک دراونەتەوە لە کۆی 119 دانە.
هاوکات عوممان کە بەردەوام نێوەندگیری گفتوگۆ بووە و نزیکیشە لە ئێران لە پەیوەندی دیپلۆماسی، لە سەرەتای جەنگەوە 8 درۆنی ئاراستەکراون.
ئەو هێرشانە تەنیا بۆ سەر وڵاتانی کەنداون، جگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە رۆژانە بە درۆن و مووشەک هێرشیان دەکرێتە سەر، بەتایبەت هەرێمی کوردستان، بەپێی زانیاری بەرپرسانی ئەمریکا بۆ واشنتن پۆست لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا 6 درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان و بنکەی ئەمریکا کراون، 5 لەوانە بەرپەرچ دراونەتەوە.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەنداو لە 12 رۆژدا
قەتەر
54 مووشەک
69 درۆن
سعودیە
10 مووشەک
105 درۆن
چوارشەممە 11-03-2027
7 درۆن
ئیمارات
270 مووشەک
1475 درۆن
چوارشەممە 11-03-2027
دوو درۆن تێکشکێندراون
کوێت
237 مووشەک
445 درۆن
چوارشەممە 11-3-2027
8 درۆن تێکشکێنراون
بەحرێن
106 مووشەک
176 درۆن
ئوردن
60 مووشەک
59 درۆن
عومان
8 درۆن
کۆی گشتی
3074 درۆن و مووشەک ئاراستەکراون