ماکرۆن داوای لە پزیشکیان و بن سەلمان کرد ئاگربەست لوبنانیش بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران و سعودیە، هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کردنەوەی تەنگەی هورمز چڕتر کردەوە.
ماکرۆن رایگەیاند، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گفتوگۆی کردووە و داوای لێ کردووە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد رەخساندوویەتی، بۆ گەیشتن بە "هێوربوونەوەیەکی بەردەوام" و رێککەوتنێکی وا کە گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز بۆ هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار دابین بکات.
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی خێرای ئازادی و ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز کردەوە و رایگەیاند، فەرەنسا ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن لەم بارەیەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە تەلەفۆن قسەی کرد. هەردوولا جەختیان لە سەر پشتگیریکردنی ئاگربەستی ئێستا کردەوە و هاوڕابوون، دەبێت بە بێ هیچ دواکەوتنێک، ئاگربەستەکە فراوان بکرێت تاوەکو ناو خاکی لوبنانیش بگرێتەوە.
ماکرۆن و بن سەلمان ئاماژەیان بە پێویستیی کردنەوەی تەواوەتی و سەلامەتی تەنگەی هورمز کردەوە لە زووترین کاتدا.
ماکرۆن لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ پزیشکیان، جەختی لە گرنگیی رێزگرتنی تەواو لە ئاگربەست کردەوە بە شێوەیەک کە لوبنانیش بگرێتەوە. ماکرۆن گوتی، فەرەنسا پشتگیریی تەواوی هەنگاوەکانی دەسەڵاتە فەرمییەکانی لوبنان دەکات، چونکە تەنیا ئەوان لایەنی رەوان بۆ پیادەکردنی سەروەریی دەوڵەت و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی وڵاتەکەیان.
لەگەڵ بەردەوامیی دانوستاندنەکان لە شاری ئیسلامئابادی پاکستان، ماکرۆن و بن سەلمان رێککەوتن کە لە پەیوەندیی نزیکدا بن بۆ هاوکاریکردن لە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی و گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دابین بکات.