بڕیارێکی ئیسرائیل سیستمی بانکیی فەلەستین پەکدەخات

11-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، ئەو پارێزبەندییە یاساییەی هەڵوەشاندووەتەوە، کە رێگە بە بانکە ئیسرائیلییەکان دەدات لەگەڵ بانکە فەلەستینییەکان کار بکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڕەشە لەسەر سیستمی دارایی فەلەستین.
 
رۆژی سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، "لە بەرامبەر کەمپەینی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ لێسەندنەوەی شەرعییەت لە دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، وەزیر بێزالێل سمۆتریچ رێنوێنیی ژمێریاریی گشتیی کردووە، ئەو پارێزبەندییە هەڵبوەشێنێتەوە، کە پێشکێش بەو بانکانە کراوە، کە مامەڵە لەگەڵ بانکەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەلەستین دەکەن."
 
پێشتر و لە مانگی ئایاری 2024، سمۆتریچ هەڕەشەی بڕینی ئەو پەیوەندییەی نێوان بانکەکانی ئیسرائیل و فەلەستینی کردبوو لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، ئەوەش وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر بە دانپێدانانی سێ وڵاتی ئەورووپی بە دەوڵەتی فەلەستین.
 
سیستمی دارایی و بانکیی فەلەستین بۆ بەردەوامیی کارەکانی، پشتی بە نوێکردنەوەی بەردەوامی ئەو پارێزبەندییەی ئیسرائیل بەستووە.
 
پێشتر حکومەتی ئیسرائیل ئەو پارێزبەندییەی بەکاردەهێنا بۆ بەرگریکردن لە بانکەکان، لە بەرامبەر هەر سکاڵایەکی یاسایی کە بانکەکانی بە "پاڵپشتیکردنی تیرۆر" تۆمەتبار کردبا، بەڵام لەگەڵ هەڵگرتنی ئەو پارێزبەندییە، حکومەت چیدیکە بەرگری لە بانکەکان ناکات.
 
لە مانگی تەممووزدا، وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) داوایان لە ئیسرائیل کردبوو "رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر" بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی سیستمی دارایی فەلەستین.
 
ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکەی جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو، "بڕینی پەیوەندیی بانکە فەلەستینییەکان لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان، دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی."
 
زۆرینەی رەهای ئاڵوگۆڕە داراییەکان لە کەرتی رۆژئاوا بە شیکڵ، دراوی نیشتمانیی ئیسرائیل، ئەنجام دەدرێن؛ چونکە دەسەڵاتی فەلەستین بانکی ناوەندیی نییە رێگەی پێبدات دراوی تایبەت بە خۆی چاپ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە