رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا، رەخنەی تووندی لە پلانی ئیسرائیل گرت بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتەکە، بە کارەساتێکی چاوەڕوانکراو وەسفیکرد. پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ سەقامگیرکردنی کەرتی غەززە.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غەززە گوتی: "ئاماژەیە بۆ کارەساتێکی چاوەڕوانکراوی بێوێنە و هەنگاونان بەرەو جەنگێکی بێ کۆتا."
ماکرۆن لە بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، رایگەیاند: "بارمتەکان و خەڵکی غەززە دەبنە قوربانی سەرەکی و بەردەوامیی ئەو ستراتیژیەتە."
ماکرۆن پێشنیاز دەکات، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی هەبێت لە دابینکردنی ئاسایشی کەرتی غەززە، پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و کارکردن بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی فەلەستینی کە هێشتا دیارینەکراوە و رایگەیاند "پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت و نێردراوێکی تایبەت بکات بۆ ئەو ئەرکە."
سەرۆکی فەرەنسا راشیگەیاند "داوام لە تیمەکانم کردووە بەبێ دواکەوتن لەگەڵ هاوبەشەکانماندا کار لەسەر ئەوە بکەن."
هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواویی شاری غەززە پەسند کرد، ئەم پلانەی ئیسرائیلیش، شەپۆلێکک فراوانی ناڕەزایەتیی و رەخنەی بەرامبەر بە حکومەت و سوپای ئیسرائیل دروست کردووە.
رۆژی یەکشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وەڵامی رەخنەکانی ئاراستەی بڕیارەکە دەکرێت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند "ئیسرائیل هێز بە شێوەیەکی ژیرانە بەکاردەهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ