سعودیە دوو درۆنی ئێرانی لە نزیک کێڵگەی نەوتیی شەیبە تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، هێزە بەرگرییەکانیان توانیویانە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکبشکێنن کە بەرەو کێڵگەی نەوتیی (شەیبە) لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەفڕین. ئەمە دووەم رۆژە لەسەریەک ئەو کێڵگە ستراتیژییە دەکرێتە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە پۆستێکدا نووسی: "دوو درۆن کە بەرەو کێڵگەی نەوتیی شەیبە دەهاتن، دەستنیشان کران و تێکشکێندران." ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممەش سعودیە رایگەیاندبوو، رێگرییان لە چەندین هێرشی درۆنی بۆ سەر هەمان دامەزراوە کردووە.
کێڵگەی شەیبە کە کۆمپانیای ئارامکۆ بەڕێوەی دەبات، دەکەوێتە نزیک سنووری ئیمارات و یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا.
سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رۆژی چوارشەممە بڕیاریدا 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ دابەزاندنی نرخ دەستەبەر بکات، بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزە، ئەو هەوڵانەی تاوەکو ئێستا شکست پێهێناوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت 9٪ بازدانی بەخۆیەوە بینی و دووبارە نرخی هەر بەرمیلێک 100 دۆلاری تێپەڕاند.
لە دوای کوژرانی رێبەری ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا، تاران دەستی کردووە بە زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوە. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتیی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، کە نزیكەی 20٪ـی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.