رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا پرسیار لەسەر ئامانجەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران روو لە زیادبوونن، چەندین دەزگای راگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە کە بەرپرسانی پێنتاگۆن لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لە کۆنگرێس، رۆژی سێشەممە بە کۆنگرێسمانەکانیان گوتووە، تێچووی خەمڵێندراوی جەنگەکە تەنیا لە شەش رۆژی یەکەمدا 11.3 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە یەکەم جار هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئەو پارەیە تێچووەکانی دیکەی وەک ئامادەکردنی کەرەستەی سەربازی و جووڵەپێکردنی هێز پێش دەستپێکردنی هێرشەکان لەخۆناگرێ.
بەپێی کەناڵی NBC News، کریس کونس، سیناتۆری دیموکراتەکان رۆژی چوارشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوتووە: "پێشبینی دەکەم کۆی گشتیی تێچووی ئۆپەراسیۆنەکە ئێستا زۆر لەوە زیاتر بێت؛" هەروەها گوتی: "ئەگەر تەنیا سەیری تێچووی پڕکردنەوەی شوێنی ئەو تەقەمەنییانە بکەین کە بەکارهاتوون، ئەوا تێچووەکە زۆر زیاترە لە 10 ملیار دۆلار."
لە لێدوانێکدا بۆ هەمان کەناڵ، گوتەبێژێکی پێنتاگۆن گوتی: "ئێمە قسە لەسەر گفتوگۆ و بابەتە داخراوەکان ناکەین. سەبارەت بە تێچووی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا، تاوەکو ئەرکەکە بە تەواوی کۆتایی نەیەت، نازانین تێچووەکەی چەندە."
پێشتر نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست بڵاویانکردبووەوە کە لە کۆبوونەوەکانی پێشووی کۆنگرێسدا، بەرپرسانی بەرگری گوتوویانە سوپا تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا بایی 5.6 ملیار دۆلار تەقەمەنی بەکارهێناوە.
هەروەها بە گوێرەی (سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نیودەوڵەتی) ئەمریکا لە 100 کاژێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا 3.7 ملیار دۆلاری تێچووە، واتە رۆژانە 891.4 ملیۆن دۆلار.
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە داوای بودجەی زیاتر بۆ جەنگەکە لە کۆنگرێس دەکات، بەڵام رۆجەر ویکەر، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیران، کە کۆمارییە، رۆژی چوارشەممە گوتی کە پێشبینی ناکات لەم مانگەدا ئەو داواکارییە بکرێت.
تاوەکو ئێستا روون نییە جەنگەکە چەند دەخایەنێت و کۆتاییەکەی چۆن دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کابینەکەی زانیاریی دژبەیەک لەسەر جەنگەکە دەدەن.
لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CBS News رۆژی دووشەممە، ترەمپ گوتی جەنگی دژی ئێران "تا رادەیەکی زۆر، تەواو بووە،" بەڵام لە هەڤپەیڤینێکی بەرنامەی 60 Minutesی هەمان کەناڵ کە چەند رۆژێک پێشتر تۆمارکرابوو، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی دەیەوێ بینەران بزانن کە "ئەمە تەنیا سەرەتایە."
دواتر هەر لە رۆژی دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پەیامنێرێک پرسیاری لە ترەمپ کرد: "تۆ دەڵێیت جەنگەکە 'تا رادەیەکی زۆر تەواو بووە'، بەڵام وەزیری بەرگرییەکەت دەڵێت 'ئەمە تەنیا سەرەتایە'. کەواتە کامیان راستە؟"
ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "دەتوانیت بڵێیت هەردووکیان. ئەمە سەرەتای دروستکردنی وڵاتێکی نوێیە. ئێمە دەتوانین هەر ئێستا بە سەرکەوتنێکی گەورە ناوی ببەین - هەر کە لێرە رۆیشتین دەتوانم وا ناوی ببەم - یان دەتوانین زیاتر بڕۆینە پێشەوە، ئێمە زیاتریش دەڕۆینە پێشەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ