کوێت ئاهەنگ و زەماوەند قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی کوێت بڕیاری دا بەهۆی "بارودۆخی ئێستای ناوچەکە" و دوای هێرشی چەند درۆنێک بۆ سەر فڕۆکەخانە و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون، هەموو جۆرە ئاهەنگ، زەماوەند و چالاکی هونەری لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەخە بکات.
وەزارەتی ناوخۆی کوێت لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی لە ئێکس نووسیویەتی: "بەهۆی ئەو بارودۆخەی وڵات و ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت، بڕیاردراوە بە رێگریکردن لە سازکردنی شانۆگەری، ئاهەنگی گۆرانی و زەماوەند لە ماوەی جەژنی رەمەزاندا تاوەکو کاتێکی نادیار."
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەمە "رێکارێکی خۆپارێزییە" بۆ کەمکردنەوەی کۆبوونەوەی زۆری خەڵک و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە هەر رووداوێکی نائاسایی.
هۆشداریشی داوە کە هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت لە رێگەی چەند درۆنێکەوە هێرشی کرایە سەر. بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی کوێت رایگەیاند، هێرشەکە تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
لە 28ی شوباتەوە کوێت رووبەڕووی چەندین هێرش بە مووشەک و درۆن بووەتەوە، کوێت دەڵێت سەرچاوەی هێرشەکان عێراقە.