كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا چی بەدواوەیە ؟

13-04-2018
پۆڵ ئیدن
نیشانەکردن ئەمریكا سووریا
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە یەك هەفتەی رابردوودا بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا لە داهاتوویەكی نزیكدا، بابەتێكی گەرم بوو، ئەم بڕیارەی واشنتن هێزە كوردییەكانی سووریا كە هاوپەیمانی سەرەكییان بوون، دەخاتە دۆخێكی نادیار و مەترسیدارەوە.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە یەكەم هەنگاویدا داوای سڕكردنی ئەو 200 ملیۆن دۆلارەی كرد كە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی رۆژهەڵاتی سووریا تەرخانی كردبوو. ترەمپ داوای كردووە وەزارەتی دەرەوە زانیاری وردی بداتێ لەسەر ئەوەی ئەو پارەیە بۆچی خەرج دەكرێ، هاوكاتیش لە چەندین كۆبوونەوەی سەربازی و ئەمنیدا داوای كردووە هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا بكشێنرێنەوە.

رۆژی سێی نیسان، ترەمپ لە كۆنگرەیەكی میدیاییدا لە كۆشكی سپی سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا گوتی "كاتی هاتووە. ئێمە لە شەڕی دژی داعشدا سەركەوتوو بووین و لەڕووی سەربازییەوە دەرەقەتی هەموو لایەنێك دێین، بەڵام هەندێكجار كاتی گەڕانەوە بۆ ئەمریكا دێت. ئێستاش زۆر بە جیدی بیر لەوە دەكەینەوە".

برێت مەكگۆرك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی دژی داعش، دوای لێدوانەكەی ترەمپ رایگەیاند هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا "بۆ شەڕی دژی داعش لەوێن". جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە "ئەو هێزانە هێشتا كاری خۆیان تەواو نەكردووە، بەنیازیشین ئەو كارە تەواو بكەین". بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپیش لە رۆژی چواری نیسان بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند، ترەمپ رازی بووە بۆ ماوەیەكی كاتی و تاوەكو تێكشكاندنی تەواوەتی داعش لە سووریا بمێنێتەوە. 

بەرپرسەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە "بەنیاز نین كتوپڕ لە سووریا بكشێینەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە سەرۆك بیەوێت بۆ ماوەیەكی درێژ لە سووریا بمێنینەوە".

لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماری، پێیوایە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا هاوشێوەی بڕیاری ئیدارەی پێشوو بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقە كە ساڵی 2011 جێبەجێ كرا. بۆیە گراهام لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا بە (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی گوت: "ئەمە خراپترین بڕیارە سەرۆك دابێتی"، چونكە دوای جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە "داعش دەگەڕێتەوە، شەڕی نێوان توركیا و كورد لەدەست دەردەچێ و دیمەشق رادەستی ئێرانییەكان دەكرێ و رووسیا و ئێران، دەست بەسەر سووریادا دەگرن".

ئیدارەی ئەمریكا هەر بڕیارێك بدات كاریگەری بەرچاو لەسەر رەوشی سووریا و بەتایبەتیش رۆژئاڤای كوردستان و هێزە كوردییەكانی ئەو ناوچەیە دادەنێ كە لە سێ ساڵی رابردوودا هاوبەشی سەرەكیی ئەمریكا بوون بۆ شەڕی دژی داعش و زۆربەی جاران بەهێزی پیادەی هاوپەیمانان لە سووریا نێودەبردرێن. واشنتن نزیكەی 2000 سەرباز و راوێژكاری لە سووریا هەیە كە لە نزیكەوە یارمەتی هێزە كوردییەكانیان داوە بۆ ئەوەی ناوچەیەكی بەرفراوانی رۆژهەڵاتی سووریا لە داعش پاك بكەنەوە. لە كۆتایی 2017، ئەمریكا 400 مارێنزی لە سووریا كشاندەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی رەققە كۆتایی هات.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا هێزە كوردییەكان و ناوچەی رۆژئاڤای كوردستان دەخاتە بەردەم هەڕەشەی توركیا یان سوپای سووریا. ئارۆن ستاین، لێكۆڵەر لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیك، بە (رووداو)ی گوت: "كورد پێویستی بە پاڵپشتی دەرەكییە بۆ ئەوەی لە هەڕەشەی دەرەكی پارێزراو بێ".

بەبۆچوونی ستاین "كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بەبێ رێككەوتنی ئاشتیانەی كورد لەگەڵ حكومەتی سووریا، كورد دەكاتە ئامانجی هێرش كە رەنگە توركیا یان هێزەكانی لایەنگری رژێم بیكەنە سەریان".

هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و واشنتن بووە. بۆیەش لێكۆڵەرەكەی ئەنجوومەنی ئەتڵانتیك رای وایە "توركیا، بەپێچەوانەی گوتارە رواڵەتییەكانی، نایەوێ كێشە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دروست بكات. توركیا دەیەوێ هاوپەیمانیی نێوان ئەمریكا و هەسەدە تێكبدات و لە رێگای میكانیزمێكەوە كۆنتڕۆڵی سیاسیی هەسەدە بەسەر شارە جیاجیاكانی سووریا نەهێڵێ".

لە دوای دەستگرتن بەسەر عەفرین، بەرپرسانی باڵای توركیا چەند جارێك رایانگەیاندووە كە ئامانجی داهاتوویان هێرشكردنە سەر مەنبجە. لەلایەكی دیكەوە دیمەشق و تارانیش ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر هێزەكانی هەسەدە و یەپەگە لە رەققە و دێرەزوور دەربڕیوە، ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە كە رەنگە بە زەبری هێز دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرن. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، لەمەش زیاتر رۆیشتووە و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە بەنیازە هەموو رۆژئاڤای كوردستان كۆنترۆڵ بكات. بەمدواییە ئەردۆغان لە چەندین بۆنەدا باسی ئەوەی كردووە كە بەنیازن هەڵمەتە سەربازییەكەی خۆیان لە عەفرینەوە بەرەو مەنبج، كۆبانێ، قامیشلۆ و دواتر شنگال درێژ بكەنەوە. هەر ئەو هەڕەشەیەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوێت و هێزەكانی لە شنگال بكشێنێتەوە. 

لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا رووداوەكانی سووریا و رۆژئاڤای كوردستان كاریگەرییان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان داناوە. ستاین پێیوایە هێرشێكی دیكەی توركیا بۆ سەر هێزە كوردییەكانی رۆژئاڤا لەدوای كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان، بێ كاریگەری نابێت لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەخت لەوە دەكاتەوە كە پشێوی كاریگەری لەسەر هەموو لایەك دادەنێ، راستە هەرێمی كوردستان كێشەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام پێكدادانەكانی رۆژئاڤا رەنگدانەوەی لەسەر ئەویش دەبێ، هەرچەندە سەركردەی بزووتنەوەكان (لە كوردستانی عێراق و كوردستانی سووریا) نێوانیان خۆش نییە.

جۆشوا لەندیس، پرۆفیسۆر و شارەزای كاروباری سووریا لە زانكۆی ئۆكلاهۆما، هاوڕایە لەگەڵ ستاین و پێیوایە كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە سووریا كاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر كوردی سووریا دادەنێ، بەڵام لەندیس بەدووری دەزانێ ئەمریكا بە كشاندنەوەی هێزە پیادەكانی هەموو هاوكارییەكانی دیكەی بۆ كوردی رۆژئاڤا بوەستێنێ.

لەندیس لەمبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت: "دیمەشق و ئەنقەرە ململانێ و كێبڕكێیان دەبێت لەسەر ئەو ناوچانەی ئەمریكا چۆڵیان دەكات، بەڵام نابێ وابزانین پاشەكشەی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە سووریا بەو مانایە دێت كە هێزی ئاسمانیی ئەمریكا چیدی هاوكاریی هەسەدە ناكات". لەندیس گومانی هەیە "ئەمریكا بەنیاز بێ هەموو جۆرە هاوكارییەكی خۆی بۆ هەسەدە بوەستێنێ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە