سوپای ئیسرائیل: ئێران دەیان درۆنی بەرەو ئیسرائیل بەڕێکردووە

13-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "ئێران دەیان درۆنی لە خاکی خۆی و خاکی هێزە بەوەکالەتەکانییەوە ئاراستەی خاکەکەمان کردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا هەگاری ئەمشەو (شەممە، 13-4-2024) گوتی "سوپاکەمان لە رووی هێرشبردن و بەرگیرکردنەوە ئامادەیە." هەروەها دەڵێ "لەگەڵ ئەمریکا لە هاوئاهەنگیداین.''
 
 
دوای ئەو لێدوانەی سەرەتای هەگاری، شەپۆلی هێرشی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیان پێکرد و زیاتر لە 200 درۆن و مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران، بەڵام زۆربەیان بەر لەوەی بگەنە نێو خاکی ئیسرائیل تێکشکێندران. 

هێرشەکەی ئێران لە وەڵامی کوژرانی چەند بەرپرسێکی وڵاتەکە و سوپای پاسداران بوو لە هێرشێکدا بۆسەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق. 

دوای هێرشەکان بەشێک لە هاووڵاتییان لەسەر شەقامەکانی تاران ئاهەنگیان گێڕا. ئێران دەڵێت، "گرنگترین بنکەی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە نەقەب، بە سەرکەوتوویی بووە ئامانجی مووشەکی خەیبەر. وێنە و داتاکان پێشانی دەدەن کە بنکەکە گورزێکی سەختی بەرکەوتووە."

دوای هێرشەکان سوپای پاسدارانیش لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دایە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە ئەگەری زیانگەیاندن بە ئێران وەڵامی تووندیان دەدەنەوە. 

سوپای پاسداران ئەوەشی گوتووە کە، "وێڕای جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتی دراوسێیەتی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە، رادەگەیێندرێت کە لە هەر وڵاتێکەوە هەر هەڕەشەیەک لەلایەن دەوڵەتی تیرۆریستی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەبێت، رووبەڕووی وەڵامێکی گونجاوی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوە."

بەشێکی زۆر لە وڵاتان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانیان کرد و داوای دانبەخۆداگرتنیان کرد تاوەکو دۆخەکە ئارام ببێتەوە. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرکۆنەی ئەم هەڵچوونە مەترسیدارە دەکەم کە خۆی لە هێرشی گەورەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلدا دەبینێتەوە و داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەم دووژمنکارییانە دەکەم. 

گۆتێرێز دەڵێت، نە ناوچەکە و نە جیهانیش بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە