حەماس بەشێک لە وردەکاریی هێرشەکەیان بۆسەر ئیسرائیل ئاشکرا دەکات: 4500 چەکدارمان بەشداربوون

13-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایگەیاند، 4500 چەکداریان لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیلدا بەشدار بوون، هەروەها 3500 مووشەکیان بەکارهێناوە، باسی ئەوەش دەکات کە هەموو لێکۆڵینەوەیەکیان بۆ زەوی و کەشوهەوا و سیستمی هەواڵگریی ئیسرائیل کردووە و دۆخی سوپاکەیان هەڵسەنگاندووە.
 
شەوی پێنجشەممە 12-10-2023  ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی، ناسراو بە "حەماس"، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی 21 خولەکیدا باسی بەشێک لە وردەکارییەکانی هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ی ئۆکتۆبەری بۆ ئیسرائیل کرد و گوتی بڕیاردرا زۆرترین بودجە بۆ ئەو هێرشە تەرخان بکرێت و شەو و رۆژ و مانگ کاریان بۆ کردووە.
 
ئەبو عوبەیدە ئاماژەی بەوە کردووە، "لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەمان بۆ ناوچەی هێرشەکە کرد، هەروەها لە دۆخی زەوی و کەشوهەوا و کاریگەریی لەسەر دۆخی شەڕ و هێرشەکەمان کۆڵییەوە، جگە لەوەش لێکۆڵینەوەمان لە سیستمی هەواڵگری و هێزەکانی دووژمن لەڕووی پێکهاتە و بڵاوبوونەوە و تەکتیک و مانۆڕ و مەشق کردبوو."
 
گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام دەڵێت، لە پلانەکەدا جگە لە 3500 مووشەک، 2000 مووشەکی دیکە دراوەتە هێزەکانیان بۆ تەواوکردنی هێرشەکە و باسی ئەوەش دەکات، هێرشەکەیان لە ئاسمان و زەوییەوە پشتیوانی کراوە لەڕێگەی مووشەک و چەکدار و درۆن و بەکارهێنانی سیستمی هێرشی ئەلیکترۆنی و شێواندن و بەرچاوگرتنی هێزەکانی ئیسرائیل.
 
بە گوتەی ئەبو عوبەیدە، پلانی دیکەشیان داناوە، لەوانەش، کردنەوەی کەلێن لە دیواری دروستکراو لەنێوان غەززە و شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل؛ پلانی چوونە ژوورەوەی ئەو شوێن و ناوچانەی جێ مەبەستی هێرشەکە بوون، بردنەوەی دیلەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی حەماس، پشتبەستن بە پاراگلایدەر، رێگەگرتن لە گەیشتنی هێزەکان، پشتبەستن بە کۆنترۆڵکردن و بەرچاوگرتن و فێڵکردن، شاردنەوەی هێزەکانمان و گواستنەوەی چەکەکان و پێداویستییەکان لەڕێگەی شێواندنی هێزەکانی ئیسرائیل و دەستخستنی چەک و تەقەمەنیی پێویست و دروستکردن و ئامادەکردنیان.
 
ئەبو عوبەیدە، کە ناسناوی کەسێکە هێشتا ناوی تەواوی نەزانراوە، وەکو گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام دەردەکەوێت و لە شەڕەکانی ئەم هەفتەیەی بزووتنەوەکەی و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا زیاتر لە 6 جار دەرکەوتووە، لە گوتارەکەیدا دەشڵێت، "پلانێکی ورد بۆ هێزەکان و کۆکردنەوەیان دانرا کە 3000 موجاهید بوون و تەرخانکرابوون بۆ مانۆڕ، جگە لەوە 1500 کەسی دیکە بۆ پشتیوانیکردن."
 
باسی لەوەش کرد، لە ساڵی 2022ەوە پشت بە هەڵخەڵەتاندنی ستراتیژی دەبەستن بۆئەوەی کاتی زیاتر بڕەخسێنن بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو هێرشەی کردوویانە، دەشڵێت سەرەتا هێرشیان کردووەتە سەر 15 ناوچە.
 
لە 7ی ئەم مانگەوە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و لەو کاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت.
 
لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە، لانیکەم 1300 کەس لەنێو ئیسرائیلدا کوژراون و سەرووی 3000ی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش وەکو بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە.
 
لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە 1417 کەس کوژراون، کە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6268ی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە