ترەمپ داوای لێخۆشبوونی گشتی بۆ نەتەنیاهوو دەکات

13-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت)، داوایەکی ئاراستەی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کرد و پێشنیازی کرد لێخۆشبوونی گشتی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەربکات، کە رووبەڕووی سێ دۆسیەی جیاوازی گەندەڵی بووەتەوە.
 
ترەمپ لە گوتارەکەیدا کە لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل پێشکەشی کرد، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە ئاماژەی بە یەکێک لە تۆمەتەکانی سەر نەتەنیاهوو کرد و گوتی: "جگەرە و شامپانیا، کێ گرنگی بەوە دەدات؟" 
 
سەرۆکی ئەمریکا رووی لە هێرزۆگ کرد و گوتی: "بەڕێز سەرۆک، بیرۆکەیەکم هەیە، بۆچی لێخۆشبوونێکی بۆ دەرناکەیت؟"
 
نەتەنیاهوو و سارای هاوژینی لە دۆسیەیەکدا تۆمەتبارن بە وەرگرتنی دیاریی گرانبەها وەکو جگەرەی کووبی، خشڵ و شامپانیا بە بەهای زیاتر لە 260 هەزار دۆلار لە چەند ملیاردێرێکی هاوڕێیان، لە بەرامبەر پێدانی ئاسانکاری و بەرژەوەندیی سیاسی.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دوو دۆسیەی دیکەدا تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ رێککەوتنی نهێنی لەگەڵ خاوەنی دوو دەزگای میدیایی گەورەی ئیسرائیل بۆ ئەوەی رووماڵێکی ئەرێنی بۆ بکرێت.
 
نەتەنیاهوو بەردەوام هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و دادگاییکردنەکەی بە "هەوڵێکی سیاسی" ناوبردووە. 
 
ئەم دۆسیانە بوونە هۆی قەیرانێکی سیاسیی قووڵ لە ئیسرائیلدا، بەتایبەتی کاتێک حکومەتەکەی لە کۆتایی ساڵی 2022 پێشنیازی پلانی چاکسازیی دادوەری کرد، کە بە بڕوای رەخنەگران هەوڵێک بوو بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەری و رێخۆشکردن بۆ رزگاربوونی لە دادگاییکردن. 
 
پێشنیازەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە مانگی رابردوو، ئیسحاق هێرزۆگ خۆی ئاماژەی بە ئەگەری دەرکردنی لێخۆشبوون بۆ نەتەنیاهوو کردبوو، بە بیانووی ئەوەی دۆسیەکە "قورساییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگەی ئیسرائیل دروستکردووە". 
 
هاوکات، نەتەنیاهوو رووبەڕووی کێشەیەکی یاسایی دیکەی نێودەوڵەتی بووەتەوە، ئەویش دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنە بۆی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە (ICC) بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
 
ترەمپ لە گوتارەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە دۆسیەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نەکرد، بەڵام پێشتریش پشتیوانیی خۆی بۆ نەتەنیاهوو دووپاتکردووەتەوە و دۆسیەکانی بە هاوشێوەی ئەو کێشە یاساییانە زانیوە، کە خۆی لە ئەمریکا رووبەڕووی بووەتەوە. 
 
ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ نووسیبووی کە دادگاییکردنەکانی نەتەنیاهوو "راوەدوونانێکی سیاسیی جادووگەرانەیە" و "زۆر لەوە دەچێت کە من ناچار بووم بەرگەی بگرم".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە