سوپای ئیسرائیل: تەرمی چوار بارمتە لە غەززەوە گەڕێندرایەوە

13-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلییان وەرگرتووەتەوە کە لە ژێر دەستی حەماسدا بوون. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدایە، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا واژۆ کراوە.
 
رۆژی دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رووفاتی نێو چوار تابووتەکە، کە لەلایەن حەماسەوە رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرابوون، گواستراونەتەوە بۆ نێو خاکی ئیسرائیل و رەوانەی پەیمانگەی نیشتمانیی پزیشکی دادی کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکارەکانی ناسینەوە و دڵنیابوونەوە لە ناسنامەیان.
 
رادەستکردنەوەی تەرمەکان بەشێکی سەرەکیی ئەو رێککەوتنی ئاگربەستەیە کە بە نێوەندگیریی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا هاتە ئاراوە.
 
پێشتر لە هەمان رۆژدا و وەکو بەشێکی دیکەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، حەماس سەرجەم 20 بارمتە زیندووەکەی ئازاد کرد کە لەدوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە غەززە دەستبەسەری کردبوون. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هەزار و 968 زیندانیی فەلەستینیی لە گرتووخانەکانی خۆی ئازاد کرد.
 
سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، حەماس هێشتا رووفاتی 24 بارمتەی دیکەی لەلایە کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت رادەستی ئیسرائیلیان بکاتەوە. سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە لەسەر حەماس بە تەواوی پابەندی رێککەوتنەکە بێت و هەنگاوی پێویست بنێت بۆ گەڕاندنەوەی هەموو بارمتە کوژراوەکان".
 
ململانێی ئێستا دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشێکیان کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 251 کەسیان رفاند و لەگەڵ خۆیاندا بردیاننە کەرتی غەززە. زۆربەی ئەو بارمتانە لە ماوەی دوو ئاگربەستی پێشوودا لە دوو ساڵی رابردووی جەنگەکەدا ئازاد کران، بەڵام تاوەکو پێش ئەم ئاگربەستە نوێیە، حەماس هێشتا 47 بارمتەی لەلای خۆی هێشتبووەوە.
 
جگە لە بارمتەکانی ئەم دواییە، تەرمی سەربازێکی ئیسرائیلیش، کە لە ململانێیەکی پێشووتردا لە ساڵی 2014 کوژرابوو، هێشتا لەلای حەماسە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە