ترەمپ لە شەرم شێخەوە باسی ئێران دەکات: ئامادەی دانوستاندنم
رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی ئاشتیی غەززە لە شاری شەرم شێخی میسر بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێوەدەچێت. ترەمپ ستایشی رۆڵی میسری لە ئاشتیدا کرد و چەند پەیامێکی ئاڕاستەی ئێران کرد.
ترەمپ گوتی: "ئێران دەبێ لەگەڵ دۆخەکەدا رابێت، سزاکان قورسن و ئەگەر پێویست بکات سزای زیاتریش دەسەپێنین." هاوکات، ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەو وڵاتە دەربڕی.
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە، ترەمپ پاشا و میرەکانی وڵاتانی ناوچەکەی هاندا کە دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن. عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، رۆڵی هەموو لایەکی بۆ ئاشتی بە گرنگ زانی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لەناو پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، ئامادەیی واشنتنی بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە "رێککەوتنێکی ئاشتی" لەگەڵ ئێران راگەیاند. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش سەرکەوتنی بەسەر بەرەی ئێراندا راگەیاند.
ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەردەم پەرلەمانتارانی ئیسرائیلدا، ئاماژەی بە ئێران کرد وەکو پاڵپشتی سەرەکیی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان، بەتایبەتی حەماس و رایگەیاند: "ئەوان [ئێران] گورزێکی گەورەیان بەرکەوت، وانییە؟ ئایا گورزێکی گەورەیان بەرنەکەوت؟ کوڕینە، لە هەموو لایەکەوە گورزیان بەرکەوت."
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "زۆر باش دەبێت ئەگەر بتوانین رێککەوتنێکی ئاشتییان لەگەڵدا بکەین، پێموایە ئەوە کارێکی گەورەیە."