سێنتکۆم: لە 24 کاژێری رابردوودا هیچ کەشتییەک بە تەنگەی هورمزدا تێنەپەڕیوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای 24 کاژێر لە گەمارۆ بۆسەر بەندەرەکانی ئێران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێکس بڵاویکردەوە، لەو ماوەیەدا هیچ کەشتییەک بە رێڕۆ ئاوییەکەدا تێنەپەڕیوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 10 هەزار سەربازیان لە ئەرکەکەدا بەشدارن. 
 
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە: "زیاتر لە 10 هەزار دەریاوان، مارێنز و سەربازی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لەگەڵ زیاتر لە دەرزەنێک کەشتیی جەنگی و دەرزەنێک فڕۆکە، ئەرکی گەمارۆدانی ئەو کەشتییانە جێبەجێ دەکەن کە دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە". 
 
سێنتکۆم دەشڵێت: "لە 24 کاژێری یەکەمدا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە لە گەمارۆکەی ئەمریکا تێپەڕێت و 6 کەشتیی بازرگانی پابەندی رێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون بۆ گەڕانەوە و چوونەوە نێو بەندەرێکی ئێرانی لە دەریای عومان". ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر میدیای ئێرانی بڵاویکردبووەوە، رێگەیان بە تێپەڕبوونی ژمارەیەک کەشتی بە تەنگەکەدا داوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، لە کاژێر 10:00ی بەیانی بە کاتی واشنتن دی سی (کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر) رۆژی دووشەممەوە گەمارۆ دەریاییەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
سێنتکۆم لە نووسینەکەیدا لە ئێکس دەڵێت: "گەمارۆکە بە شێوەیەکی بێلایەنانە بەسەر کەشتییەکانی هەمو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێ دەچنە نێو یان لە بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران دەچنە دەرەوە، لەنێویاندا هەموو بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان".
 
بە گوێرەی سێنتکۆم: "هێزەکانی ئەمریکا پشتگیریی ئازادیی کەشتیوانی دەکەن بۆ ئەو کەشتییانەی لە تەنگەی هورمزەوە تێدەپەڕن بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان و بە پێچەوانەشەوە".
 
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. وەک بەشێک لە وەڵامەکەی، لە رۆژی دووەمی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخست. لەو کاتەوە هەناردەی نەوت لەو رێڕەوە ئاوییەوە نزیکەی 95٪ کەمیکرد کە پێش جەنگ بڕی هەناردەکراوی رۆژانەی نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل بوو. 
 
رۆژی یەکشەممە، دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان بەرێوەچوو. ئەمە بەرهەمی پێشنیازێکی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بوو کە رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی دوو هەفتەیی راگەیاند. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا کە قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە، دەبوو ئێران لە ماوەی ئاگربەستدا رێگە بە تێپەڕینی ئازادی کەشتییەکان بە تەنگەکەدا بکات، بەڵام ئەو کارەی نەکرد. دەشڵێن، بەو هۆیەوە گەمارۆکە جێبەجێ دەکەن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە