وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ هاوتا ئێرانییەکەی: هاوکار دەبین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا و هاوتا ئێرانییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کرد. وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن و ئامادەی هاوکاریشن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. 
 
رۆژی شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە هاوتا ئێرانییەکەی گوتووە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن و ئامادەی هاوکاریشن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتووشیەتی، ئامادەن بۆ کارکردنی بەردەوام بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. 
 
هەر ئەمڕۆ، مەسعود  پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانی راگەیاند، "بە بەردەوامی دەستدرێژی، رژێمی زایۆنی رووبەڕووی وەڵامێکی بەهێزتری ئێران دەبێتەوە". گوتیشی، "رژێمی زایۆنی بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەکات". 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش هەڕەشەی بەردوامی و چڕکردنەوەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران کردووە. 
 
دوێنێ، ئیسرائیل بە 200 فرۆکە و ژمارەیەک درۆن دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کرد، دواتر ئێران دەستی بە وەڵامدانەوەی هێرشەکە کرد و مووشەکبارانی ئیسرائیلی کرد.