محەممەد بن سەلمان بۆ پزیشکیان: ئیسرائیل دەیەوێ ئەمریکا بخاتە نێو شەڕەکەوە

رووداو دیجیتاڵ

شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی "بەڵگەی شەڕانگێزییانە". شازادەی جێنشینی سعودیەش دەڵێت، پاڵپشتیی تاران دەکەن. 

رۆژی شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد. 

میدیای فەرمیی ئێران لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە بڵاویکردەوە، محەممەد بن سەلمان بە مەسعود پزیشکیانی گوتووە، ئیسرائیل هەموو کارێک بۆ راکێشانی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەکات. 

سەرۆککۆماری ئێرانیش رایگەیاندووە، "هێرشی رژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران بەڵگەی سرووشتی شەڕانگێزییەکەیەتی". گوتووشیەتی، "سعودیە دەتوانێت هەوڵەکان لەنێو وڵاتانی ئیسلامی بۆ بەرگریی لە موسڵمانان لە ناوچەکە رێکبخات." 

شازادەی جێنشینی سعودیە دەشڵێت، "سعودیە لەگەڵ برایانی و هەموو جیهانی ئیسلامی پاڵپشتی ئێران دەکات". ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵ بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر ئیسرائیل بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی دەدەم". 

دوێنێ، ئیسرائیل بە 200 فرۆکە و ژمارەیەک درۆن دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کرد، دواتر ئێران دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و ئیسرائیلی مووشەکباران کرد. ئەمڕۆش هەردوولا هەڕەشەی هێرش و وەڵامدانەوەی تووندیان لەیەکدی کرد.