رێککەوتنى نوێى عێراق و ئێران؛ گاز بەرامبەر بە شەش مانگ نەوتى رەش
رووداو دیجیتاڵ
گازى ئێران گەیشتە عێراق و فێنکى و رووناکى خستەوە نێو پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوور، لەدواى دوو هەفتە لە کەمبوونەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا بۆ نزیکەى نیوەى بڕى پێویستى خۆى.
دەستپێکردنەوەى هەناردەى گازى ئێران بۆ عێراق بەگوێرەى رێککەوتنێکى نوێى نێوانیان بوو، کە بەغدا نەوت بداتە ئێران لە بەرامبەر ئەو قەرزەی بە وڵاتەکەی داوەتەوە، بەبێ ئەوەى بگاتە تاران.
رۆژی 11ى تەممووزی 2023 عێراق و ئێران رێککەوتننامەی نەوت بەرامبەر بە گازیان واژۆ کرد، رێککەوتنەکە لەنێوان ئیحسان عەوادى سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە عێراق واژۆ کرا و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "دوای دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئێرانی کە شاندێک لە رۆژی شەممەوە لێرەن، کۆبوونەوەی بەردەوام کرا و کۆبوونەوەکانیش بە رێککەوتن لەسەر کۆنووسێک کۆتاییان هات. کۆنووسەکەش پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران کرا و بڕیاری لەبارەوە درا، کە بە شێوەیەکە شمەک بە شمەک ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئێمە نەوتی خاو یان نەوتی رەشیان پێدەدەین، لە بەرامبەردا ئێرانیش گازمان پێدەدات".
رێککەوتنەکە بۆ ئەوەیە کە بڕى گازى هەناردەکراوى ئێران بۆ عێراق بگەڕێتەوە بۆ نزیکەى 45 ملیۆن مەتر سێجاى رۆژانە بۆ کارکردنى وێستگەکانى کارەبا، کە بەر لە رێککەوتنەکە بۆ 21 ملیۆن مەتر سێجا کەمبووەوە.
نەهرۆ رواندزى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى رێککەوتنەکە، عێراق نەوتى رەشى پاشماوەى پاڵاوگەکان دەداتە ئێران بەرامبەر بە هاوردەکردنى گاز لەو وڵاتەوە، کە لە رێگەى تەنکەرەوە هەناردە دەکرێت.
نەهرۆ رواندزى گوتى: "عێراق ناتوانێت نەوتى خاو بداتە ئێران چونکە ئێستا ئەو وڵاتە ناتوانێت تەواوى نەوتەکەى خۆى بفرۆشێت".
کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى عێراق (سۆمۆ) رۆژانە زیاتر 60 هەزار تۆن نەوتى رەشى لە پاڵاوتگەکانەوە پێدەگات کە 10 هەزار تۆنى وەک سووتەمەنى بۆ کارگەکانى نێوخۆى عێراق بەکاردەهێندرێت و ئەوى دیکەى لە رێگەى زیادکردنەوە دەیفرۆشێتە کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردن.
وەزارەتى کارەباى عێراق 11 تریلیۆن دینار قەرزى ئێرانى لە بانکى بازرگانیى عێراق دانا، بەڵام تاران بەهۆى سزاکانى ئەمریکاوە، نەیتوانی پارەکە رابکێشێت.
ئێستا عێراق 20 هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و بۆ پڕکردنەوەی تەواوی کورتهێنانی کارەباش 34 - 35 هەزار مێگاواتی پێویستە بەتایبەت لە وەرزى گەرمادا.
ئامانج هەرکى، ئەندامى لیژنەى کارەبا و وزەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى رێککەوتنەکە ئەو ئاڵوگۆڕەى نەوتى رەشى عێراق بە گازى ئێران، تاوەکو کۆتایی ساڵى 2023 بەردەوام دەبێت.
نرخى یەک تۆن نەوتى رەش کە لەلایەن کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان دیاریکراوە بۆ نێوخۆ 300 هەزار دینارە، لەکاتێکدا نرخى یەک تۆنى لە بازاڕى جیهانیدا نزیکەى 900 هەزار دینار دەبێت.
ئامانج هەرکى گوتى: "بەگوێرەى رێککەوتنەکە ئەو نەوتە رەشەى، کە عێراق لەبرى گاز دەیداتە ئێران لە نێوخۆى ئەو وڵاتە بەکاردەهێندرێت".