چیرۆکی نێو تونێلەکان؛ 738 رۆژ مانەوە لە تونێلێکدا و یاریی کۆنکان لەگەڵ حەماس

14-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بارمتەکانی ئیسرائیل لە غەززە ئازاد کران و چیرۆکی بارمتەیی خۆیان دەگێڕنەوە. باسی وردەکاریی ئەو ماوەیە دەکەن لە لای حەماس دەستبەسەر بوون، لە جیهانی دەرەوە دابڕابوون و بەرگەی برسێتیی درێژخایەنیان گرتووە. بەشێکیشیان دەڵێن، لە غەززە ئەشکەنجە دراون.
 
رۆژی دووشەممە، دوایین 20 بارمتەی زیندوو وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە ئازاد کران. لەنێو بارمتەکان، خەڵکی سڤیل و سەرباز هەبوون.
 
یەکێک لەو بارمتانەی باسی ژیانی دوو ساڵەی بارمتەیی خۆی کرد، ئەڤیناتان ئور بوو، ئەو بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاندووە بۆ زیاتر لە دوو ساڵ بە تەنیا دەستبەسەر بووە و پەیوەندی بەکەسی دیکەوە نەکردووە و بارمتەی دیکەشی لەگەڵ نەبووە و ئەو رۆژەی ئازاد کراوە، بارمتەکانی دیکەی بینیووە. 
 
بەگوێرەی ئور، بەدرێژایی جەنگە دوو ساڵییەکە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە لە بارودۆخێکی سەختدا دەستبەسەر بووە و بەرگەی برسێتیی درێژخایەنی گرتووە و بەگوێرەی پشکنینی پزیشکی سەرەتایی، ئور 30٪ بۆ 40٪ کێشی جەستەی دابەزیوە.
 
دوای ئازادکردنی، ئور داوای کردووە کاتەکەی بە تەنیا لەگەڵ کچە هاوڕێکەی کە ئەویش بارمتەی ئازادکراوە بە ناوی نووا ئەرگامانی، بەسەرببات، هەردووکیان دوای دوو ساڵ "پێکەوە یەکەم جگەرەیان پێکرد." 
 
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس ڤیدیۆی رفاندنی ئور و نووای بڵاوکردەوە کە چۆن لە فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا دەستبەسەر دەکرێن و ئەو ڤیدیۆیە بووە یەکێک لە بەنێوبانگترین ڤیدیۆکانی ئەو رۆژە.
 
ئور باسی لەوەش کردووە، زانیارییەکی کەمی لەبارەی هێرشەکانی دوو ساڵی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بیستووە و تەنیا ئاگاداری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی سوپای ئیسرائیل بووە، کاتێک توانیان هەریەک لە کچە هاوڕێکەی و سێ بارمتەی دیکە بەناوەکانی ئاندری کۆزلۆڤ و ئەلمۆگ مئیر و شلۆمی زیڤ ئازاد بکەن. 
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل کە لە زاری چەند بارمتەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، زۆربەی بارمتەکان دوای هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی 2024وە، کاتێک سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی غەززە فراوانتر کرد، گواستراونەتەوە بۆ نێو تونێلەکان و بەرکەوتنیان لەگەڵ یەکدی سنووردار بووە.
 
دابڕان لەجیهانی دەرەوە
 
ئێلکانا بۆبۆت، یەکێکی دیکەیە لە بارمتە تازە ئازادکراوەکان و باسی لەوە کردووە چۆن زۆربەی کاتەکانی لە تونێلێکدا و بە "دەستبەستراویی بە زنجیر بەسەر بردووە و لەوێ هەموو هەستێکی کات و شوێنی لەدەستداوە."
 
بۆبۆت، ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا رێککەوتی هاوسەرگیرییەکەی لەبیر بووە و سوور بووە لەسەر ئەوەی بتوانێت وەک رێزلێنانێک لەو رۆژە خۆی بشوات، بەڵام چەکدارەکان لەسەرەتا داواکەی بۆبۆتیان رەتکردووەتەوە، دواتر پاشگەز بوونەوە و زنجیرەکانی دەستیان کردووەتەوە و توانیویەتی خۆی بشوات.
 
هەروەها بۆبۆت، ئەوەشی راگەیاندووە، چەند جارێک "بینیویەتی" خێزانەکەی شان بە شانی کەسوکاری دیکە بارمتەکان لە شەقامەکانی شاری تەلئەڤیڤ، خۆپێشاندان دەکەن و داوای ئازادکردنیان دەکەن.
 
هەردوو برای بارمتە، گالی و زیڤ بێرمان، باسیان لەوە کردووە ئەوان بەدرێژایی دەستبەسەرییەکەیان لەنێو غەززە بە جیا ژیاون و و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا بە تەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاون، ئەمەش لە کاتێکدایە دواتر بۆیان دەرکەوتووە، هەردووکیان لە هەمان شوێن دەستبەسەرکرابوون، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبوون رۆژی دووشەممە پێکەوە ئازاد دەکرێن.
 
ئەو دوو برایە رایانگەیاندووە، هەندێک جار خواردنی کەمیان پێدراوە و هەندێک جاری دیکە خواردنی باشیان پێدراوە. لەگەڵ ئەوەش هەندێک لەو کەسانەی پاسەوانیان کردوون بە عیبری قسەیان لەگەڵ کردوون، ئاماژە بەوەش دەکەن کە بیستوویانە، سوپای ئیسرائیل لەنزیکیان هێرش دەکات.
 
"یاریی کۆنکان لەسەردەمی بارمتەییدا"
 
خزمی یەکێک لە بارمتە تازە ئازادکراوەکان کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاندووە، بارمتەکان پێیانڕاگەیاندووە، "چەکدارانی حەماس چەکیان خستووەتە سەر سەریان و هەڕەشەیان لێکردوون لە ئەگەری ئەوەی لە کاتی وێنەگرتنی ڤیدیۆی بەقسەیان نەکەن.
 
بەڵام ئەو ئەندامەی خێزانی یەکێک لە بارمتەکان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بارمتەکان پێیانڕاگەیاندووە، لەکاتی دەستبەسەریدا، هەندێک کاتی "پێکەوەژیانیان" بەسەر بردووە. بۆ نموونە، "کاتێک چەکدارانی حەماس پێویستیان بە یاریزانێکی زیادە هەبووە لە یاری کۆنکاندا، بارمتەکانیان دەهێنا بۆ ئەوەی یارییان لەگەڵ بکەن." 
 
ئانات ئەنگرێست، دایکی بارمتەی تازە ئازادکراو ماتان ئەنگرێست، بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاندووە، ماتانی کوڕی پێیڕاگەیاندووە لە مانگەکانی سەرەتادا "ئەشکەنجەی زۆر دراوە". دایکی ماتان دەشڵێ "ئەو بۆ ماوەیەکی درێژ بە تەنیا بووە و لەژێر چاودێریی تایبەتدا بووە." 
 
ماتان لەرێگەی دایکییەوە ئاشکرای کردووە لە کاتێکدا لە تونێلەکاندا دەستبەسەر بووە، زانیاریی کەمی لەبارەی بارمتەکانی دیکەوە پێدەدرا و ئەو ماوەیەش رووبەڕووی شەڕی دەروونی سەخت کراوەتەوە بەوەی چەکدارەکان پێیانڕاگەیاندووە "ئیسرائیل دەستبەرداری بوون و حەماس جارێکی دیکە هێرش دەکات و پلانیان بۆ 7 ی ئۆکتۆبەری داهاتوو داڕشتووە." 
 
هەروەها ماتان باس لە هێرش و بۆردوومانە چڕەکانی ئیسرائیل لە نزیک تونێلەکانیان دەکات و دەڵێت: "لەبیرمە چۆن گوێم لە فڕۆکەکان بوو، بەسەرماندا دەڕۆیشتن و دیوارەکانی تەنیشتمان دەڕووخان."
 
ئەو دەڵێت، چەندین جار بەهۆی هێرشەکانەوە، خۆی لەنێو تۆز و لە ژێر داروپەردوودا بینیوەتەوە و چەندین جاریش هەوڵی داوە خۆی دەرباز بکات و بێتە سەر زەوی، بەڵام سەرکەتوو نەبووە.
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، دایکی ماتان باسی لەوە کردووە، چۆن چەکدارانی حەماس "درۆیان لەگەڵ کوڕەکەی کردووە" و پێیانگوتووە "باپیرە و داپیری کە رزگاربووی هۆلۆکۆستن، مردوون، بەڵام دوای ئازادکردنی زانیویەتی هێشتا لەژیاندا ماون." 
 
دایکی ماتان رایگەیاند، "کوڕەکەم دەڵێ سەرەڕای هەموو شتێک، بەڵام لە دۆخێکی گونجاودایە، بەلایەنی کەمەوە لە رووی دەروونیەوە." 
 
عومری میران، یەکێکی دیکە بووە لە بارمتە ئازادکراوەکان و لەبارەی بەسەرهاتی نێو کەرتی غەززە، ناداڤی برای عومری بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاندووە: "هەندێک جار عومری خواردنی بۆ چەکدارەکان دروست کردووە، ئەوان حەزیان لە چێشتەکانی ئەو بووە. لەگەڵ ئەوەش عومری بەتەواوی زانیویەتی بەروار و رۆژەکان کەیە و بەتەواوی زانیویەتی چەند رۆژە بەبارمتە گیراون و زۆربەی رۆژەکانیان بە یاریکردنی کۆنکان لەگەڵ چەکدارەکان بەسەر بردووە."
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە