پەخشی ئیسرائیل: پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران و گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، چاودێری وردی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکەن چەند کاژێرێک پێش هێرشەکە ئەمریکا ئاگاداریان بکاتەوە. دەشڵێت، ئەو هێرشەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا بێت، ژمارەیەک ئامانجی سەربازی و سایبەری لەخۆ بگرێت.
ماوەی 18 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس کوژراون. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان سنووردار کردووە یان بڕیوە.
چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتار و نووسینەکانیدا لە تروس سۆشیال ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و داخوازییەکانیان دەکەن و وەڵامی تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەدەنەوە.
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، چاودێری وردی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکەن و بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن.
ئەو گوتانە لە کاتێکدان پێش چەند کاژێرێک ژمارەیەک بەرپرسی ئەورووپا بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە 24 کاژێری داهاتوودا ئەگەری هەیە ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکیش قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە و دەڵێن، هێرشەکە بۆ سەر ژمارەیەک ئامانجی دیاریکراوە، لەوانە بنکە و بارەگا ئەمنییەکان، پڕۆگرامی ئەتۆمی و سیستەمی مووشەکی بالیستی.
جگە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و ژمارەیەک ئەندامی ئەو یەکێتییە دژایەتییان بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ خۆپێشاندانەکان و کوشتنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەربڕیووە.