رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لە ناو جەرگەی پایتەختی حیزبوڵڵان لە باشوری لوبنان و کار بۆ تێکشکاندنی دەکەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ بەیروت بکرێ، ئامانجی سەرەکیی تێکشکاندنی حیزبوڵڵا و چەسپاندنی "ئاشتییە لەرێگەی هێزەوە."
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆی دا باسی لە پێشڤەچوونە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "جەنگەکە لە بنت جوبەیل چڕبووەتەوە، کە پایتەختی حیزبوڵڵا بوو لە باشوری لوبنان. ئەمە ئەو شوێنەیە کە نەسروڵڵا 26 ساڵ لەمەوبەر تێیدا سووکایەتیی بە ئیسرائیلییەکان دەکرد، بەڵام ئێمە ئێستا بۆ تێکشکاندنی ئەو پایتەختە وەستاوین."
نەتەنیاهوو رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە ناوچە ئەمنییەکە بەرەو رۆژهەڵات و چیاکانی هەرمۆن فراوان بکەن، ئەوەش بۆ پاراستنی "برا درووزەکان" لە کاتی پێویستدا.
درووزەکان کەمینەیەکی ئایینین و زۆرینەیان لە سووریا و ئیسرائیل دەژین. ئەوانەی سووریا لە پارێزگەی سوەیدا و باشووری وڵاتەکەن.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە سەرقاڵی رێککەوتنین لەگەڵ لوبنان. ئەمە ئێستا روودەدات چونکە ئێمە زۆر بەهێزین و وڵاتەکان دێنە لای ئێمە، نەک تەنیا لوبنان." روونیشی کردەوە، رێککەوتنەکە دوو ئامانجی هەیە: یەکەمیان تێکشکاندنی حیزبوڵڵایە و دوەمیان بەدەستهێنانی ئاشتییە لەرێگەی هێزەوە.
نەتەنیاهوو باسی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ واشنتن کرد سەبارەت بە ئێران و رایگەیاند، ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هاوبەشن و دەیانەوێت یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران ببرێتە دەرەوە و توانای پیتاندنی ناوخۆیی تاران کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ دەشڵێت، هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکان، بەڵام وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە دنەدانێک ئامادەیە ئەگەر جەنگەکە دەستپێبکاتەوە.
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە دێن، گوشارە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان زیادیان کردوە و هاوکات واشنتن هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر دەدات بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ