قسەیەکی ترەمپ لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران نرخی نەوتی دابەزاند

15-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نزیکە کە دەتوانێت رێگری لە کردەوەی سەربازی بکات، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. ترەمپ هاوکات شانازی بە کۆکردنەوەی "تریلیۆنان دۆلار" لە گەشتەکەیدا بۆ کەنداو دەکات. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، ئەم لێدوانانەی لە قەتەر دا پێش ئەوەی بە فڕۆکە بەرەو ئیمارات بەڕێبکەوێت، کە قۆناخی سێیەم و کۆتایی گەشتەکەیەتی بۆ کەنداو کە لە سعودیەوە دەستی پێکرد.
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "پێموایە نزیک دەبینەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بەبێ ئەوەی پێویست بکات کردەوەی سەربازی ئەنجام بدەین." 
 
دوای لێدوانەکانی ترەمپ، نرخی نەوت زیاتر لە 3٪ دابەزی. ئەوەش بەهۆی گەڕانەوەی هیواکان بۆ رێککەوتنێکی ئەتۆمی کە دەتوانێت هەناردەی ئێران بگەڕێنێتەوە نێو بازاڕی جیهانی. 
 
دۆناڵد ترەمپ پێشتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لە دەوحە گوتی: "هیچ تۆزێکی ئەتۆمی لە ئێران دروست ناکەین".  
 
لە ساڵی 2018 لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و دەستی بە سەپاندنی سزاکانی کردەوە؛ هەروەها رێگری کرد لەوەی هیچ وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت.
 
ئەمریکا دەڵێت، دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێت، ئێرانیش دەڵێت، دانوستاندن لەسەر ئەوە ناکەن.
 
ترەمپ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بەرپرسە ئێرانییەکە بدات، گوتی: "پێدەچێت ئەمڕۆ ئەو هەواڵەتان لەسەر ئێران خوێندبێتەوە. بە جۆرێک بە مەرجەکان رازی بووە." 
 
پێشتر، رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایار، ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە لە دەوحە گوتی: "دۆخی ئێران باش دەبێت، پێموایە رێگەی دیپلۆماسی [لەگەڵ ئێران] سەرکەوتوو دەبێت."
 
ئێران چوار خولی دانوستاندنی لەگەڵ ئیدارەی ترامپ کردووە، کە هەوڵی داوە رێگری لە هەڕەشەی کردەوەی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکات لەکاتێکدا هێشتا کەمپینی "ئەو پەڕی گوشار"ی ئەمریکا لەسەری بەردەوامە.
 
عەلی شەمخانی، راوێژکاری ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە میدیای ئەمریکی گوت کە تاران دەستبەرداری یەدەگی یۆرانیۆمی بەرز پیتێندراوی خۆی دەبێت، ئەگەر بەشێک بێت لە رێککەوتنێک کە تیایدا واشنتن گەمارۆکان هەڵبگرێت.
 
ترەمپ گوتی دەبێت ئێران "زۆر سوپاسگوزاری شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر" بێت کە گوشاری لە ئەمریکا کردووە تاوەکو خۆی لە کردەوەی سەربازی دژی دراوسێ زەبەلاحەکەی وڵاتەکەی بپارێزێت.
 
ترەمپ گوتی گەشتەکەی بۆ کەنداو بووەتە هۆی بەدەستهێنانی "تریلیۆنان دۆلار" لە رێککەوتن و هیوادارە رێککەوتنی بازرگانی زیاتر بە بەهای ملیاران دۆلار لە ئیماراتدا مسۆگەر بکات کە هەوڵی داوە ببێتە ناوەندێک بۆ تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد. 
 
ترەمپ دەڵێت، گەشتەکەی بۆ کەنداو لە نێوان 3.5 بۆ 4 تریلیۆن دۆلار قازانج بۆ وڵاتەکەی مسۆگەر دەکات. بە بەهای 200 ملیار دۆلار رێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی بۆوینگی لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی قەتەر کردووە. هاوکات، لە سعودیە، رێککەوتنێکی وەبەرهێنانی بە بەهای 600 ملیار دۆلار کردووە کە کڕینی چەک بەشێکیەتی. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە