رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی تاران دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە، هەردوو وڵاتەکە دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2023، میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند: "رۆژی 17-6-2023، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە."
ئێران و سعودیە رۆژی 10-3-2023 بە نێوەندگیریی وڵاتی چین رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژۆ کرد.
ئێران و چین سوپاسی حکومەتی عێراق و عومانیان کرد بۆ نێوبژیوانییان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و ریاز، سوپاسی چینیشیان کرد بۆ هەوڵدان بۆ بەئامانجگەیاندنی دانوستاندنەکان.
پەیوەندیی ئێران و سعودیە لە 40 ساڵی رابردوودا گرژی زۆری بەخۆیەوە بینیوە؛ دوایینجار لە سەرەتای ساڵی 2016 و دوای هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران گرژی تێکەوت و سعودیە لە 03-01-2016 پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بە تەواوی لەگەڵ ئێران پچڕاند.
ئاشتبوونەوەی سعودیەی گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان لەگەڵ ئێران کە بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیرکراوە، چاوەڕواندەکرێت ببێتە هۆی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان لە تەواوی ناوچەکە کە ماوەی چەندین دەیەیە گیرۆدەی گرژی و ئاڵۆزی بووە.
ئێران و سعودیە لە چەندین ململانێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە دوو سەنگەری دژبەردا خۆیان بینیوەتەوە، لەوانەش لە یەمەن، کە تاران پشتیوانی لە حوسییەکان و ریازیش سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی بەرفراوان بۆ پشتیوانکردن لە حکومەتی یەمەن دەکات. هەروەها لە سووریا، لوبنان و عێراقیش، هەر یەکەیان پشتیوانی لە بەرەیەک دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ