سەرۆککۆماری ئێران لە دەوحەوە: قسەکردن کۆتایی بە کۆمەڵکوژی ناهێنێت

15-09-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی قەتەر نیشانی دا، سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە مەترسی هێرشی ئیسرائیلیان لەسەرە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 15-09-2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر رایگەیاند،"هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دوو شت بە فەلەستین قەرزدارن و ئەو دوو شتەش، راشکاوی لە قسەکردن و کردارە."
 
پزیشکیان گوتی: "لە رووی راشکاوی لە قسە کردن، بۆ ئەوەی روون بێت، تاوانەکانی ئیسرائیل تەنیا یەک هەڵە نین، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتی ئەو وڵاتە بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچەکەدا و بڵاوەپێکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، ستراتیژی پاکتاوی نەتەوەیی و فراوانخوازی و شەڕانگێزی کە بەهۆی هاوبەشی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی رۆژئاوا بەهێزتر دەبێت."
 
پزیشکیان گوتیشی، "بەڵام لە رووی کردارەوە قسە کۆتایی بە جینۆساید ناهێنێت. پێویستە دەستدرێژکار گۆشەگیر بکەین و چەک و پارەی ببڕین و لە دادگاکاندا لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی بکەین."
 
مەسعود پزیشکیان پێیوایە "ئەم رێوشوێنانە بەبێ یەکگرتوویی کاریگەر نابن". گوتیشی: "ئیسرائیل حیساب بۆ رکابەرییەکانمان و ئەولەویەت و ناکۆکییەکانی نێوانمان دەکات."
 
رۆژی 09-09-2025 هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد، کە دەگوترێت شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماسی تێدابووە.
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "هێرش بۆ سەر دەوحە نیشانی دەدات، کە هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نییە مەترسی هێرشی ئیسرائیلی لەسەر نەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە