جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئێران هۆشداریی "کاولکاریی ژینگەیی" دەدات و ترەمپ گوشار دەخاتە سەر ناتۆ
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چوونە نێو هەفتەی سێیەمی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، دۆخەکە ئاڵۆزیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. تاران هۆشداری لە کارەساتی ژینگەیی دەدات، فەرەنسا پەیامێک ئاراستەی سەرۆککۆماری ئێران دەکات و دۆناڵد ترەمپیش هۆشداری دەداتە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ.
ئێران: هێرش بۆ سەر کۆگاکانی سووتەمەنی دەبێتەهۆی کاولکاریی ژینگەیی
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگاکانی سووتەمەنی لە تاران دەبنەهۆی "کاولکاریی ژینگەیی".
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە مەترسیی تەندروستیی درێژخایەن بۆ سەر دانیشتووانی تاران دروست دەکەن و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی هەبێت.
ترەمپ و 'دانوستاندن' لەگەڵ تاران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، واشنتن لە هەوڵی گفتوگۆدایە لەگەڵ ئێران، بەڵام تاران هێشتا ئامادەی رێککەوتن نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
ترەمپ گوتی: "پێموانییە ئێستا ئامادەبن، بەڵام تاوەکو رادەیەک لە ئامادەبوون نزیک دەبنەوە." ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر هەر جۆرە دانوستاندنێکی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردبووەوە.
پەیامەکەی ماکرۆن بۆ پزیشکیان
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی راگەیاند، بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا "قبووڵکراو نییە".
ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو سەربازێکی فەرەنسی لە هێرشێکی درۆنیدا لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا.
ئیمانوێل ماکرۆن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسی: "داوام لە مەسعود پزیشکیان کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت کە ئێران بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامیان دەدات، چ بە شێوەی راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی گرووپە بریکارەکانی وەک لە لوبنان و عێراق."
هەڕەشەی ترەمپ بۆ ناتۆ سەبارەت بە تەنگەی هورمز
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دایە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و رایگەیاند، ئەگەر هاوکار نەبن لە کردنەوەی تەنگەی هورمز، ناتۆ رووبەڕووی ئایندەیەکی "زۆر خراپ" دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم رێڕەوە ئاوییە کە 20%ی نەوتی جیهانی لێوە دەڕوات، نابێت بە داخراوی بمێنێتەوە.
فراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت
لە رووی مەیدانییەوە، سوپای ئیسرائیل درەنگانی رۆژی یەکشەممە شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت دەستپێکرد.
ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی ئەم هێرشانە تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنانە لە نێو پایتەخت، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر هێرشەکان زیاتر لە باشووری ئەو وڵاتە چڕببوونەوە.