ترەمپ ئاگربەستى 10 رۆژەى لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان راگەیاند

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا راگەیاندنی ئاگربەستێکی 10 رۆژەی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان راگەیاند و جەختی کردەوە کە تیمێکی باڵای وڵاتەکەی بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا راسپاردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ى نیسانى 2026 دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، گفتوگۆیەکی نایابی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و هەردوولا رازی بوون لەسەر دەستپێکردنی ئاگربەستێک لە کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی واشنتن (کاژێر 12:00ی شەو بەکاتی هەولێر).
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ترەمپ، نوێنەرانی هەردوو وڵات رۆژی سێشەممەی رابردوو بۆ یەکەمجار لە دوای 34 ساڵ، لە واشنتن لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە. 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ رۆبیۆ، لەگەڵ جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکای راسپاردووە تاوەکو لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان کار بکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی. 
 
ترەمپ گوتی: "ئەمە جێگەی شانازییە بۆ من کە 9 جەنگم لە سەرانسەری جیهاندا چارەسەر کردووە و ئەمە دەبێتە دەیەمینیان، با ئەنجامی بدەین."
 
ئەم وەرچەرخانە مێژووییە دوای پێنج هەفتە لە جەنگێکی وێرانکەر لە بەرەی لوبنان دێت کە تێیدا، بەپێی راپۆرتە نوێیەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، زیاتر لە 1,950 کەس کوژراون و ملیۆنێک و 200 هەزار کەسیش ئاوارە بوون. 
 
ئەم ئاگربەستە 10 رۆژەیەی نێوان تەلئەڤیڤ و بەیرووت لە کاتێکدایە کە "پڕۆسەی ئیسلامئاباد" بۆ ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دووچاری بنبەست ببوو. تاران پێشتر واشنتنی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە دەیەوێت جەنگی لوبنان بەردەوام بێت، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە وەک سەرکەوتنی دیپلۆماسی بۆ ئیدارەی ترەمپ دەبینرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە