ئێران داوا لە هەرێمی کوردستان دەكات شەڕی داعش بكەن

16-06-2014
نەوزاد مەحموود
هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش
هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو- سلێمانی

دواجار ئەو بەرمیلە بارووتەی چاوەڕوان دەكرا لە عێراق، ئاگری گرت. هەر ئەوەش وایكردووە ئێستا چارەنووس و ئایندەی سیاسی عێراق لە گرێیەكی ئاڵۆز بچێت. هەموو لایەك چاوەڕوانی ئەوەیە تەپوتۆزی شەڕ بنیشێتەوە تاوەكو دۆخە نوێیەكە بەجوانی ببینێ. بەڵام بەلای كوردەوە جێگیربوونی داعش و گرووپەكانی دیكە لەناوچەی سوننەنشینی عێراقدا، زیاتر لە ئەگەرێك چاوەڕوانی دەكات. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ "ئەگەر دواجار ئەو هێزە ببنە ئەمری واقیع، ناچار دەبین مامەڵەی لەگەڵ بكەین، یان هەر نەبێ وەك هێزێكی نوێ بیبینین".

هەرچەندە سەركردەكانی كورد دەڵێن هێشتا زووە بۆ ئەوەی تێبگەی چ لە عێراق روویداوە، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا كورد چۆن دەڕوانێتە ئەو گرووپەی پێیدەگوترێ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)؟

یەكێتی: پێویستە رووبەڕوویان ببینەوە

تاوەكو ئێستا ناكۆكی گەورە بەشێوەی ئاشكرا لە نێوان پارتی و یەكێتی دەرنەكەوتووە لەسەرئەوەی ئاخۆ دەیانەوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ داعش بكەن، بەڵام لە پێناسەیاندا لەیەك نزیك دەبنەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێ  "داعش رێكخراوێكی تیرۆریستییە و ئێمەش قوربانیی دەستی تیرۆرین، بۆیە ئێمە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی سەیریان دەكەین و ئەوانیش لە عێراق هەر رۆژە و بەناوێك دێن و یەك ئامانجیان هەیە".

تاوەكو ئێستا ئەو هێزە چەكدارانە شەڕی دژی كوردیان رانەگەیاندووە و تەنیا ئامانجیان كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی نفوزی سوننەكان و پاشەكشەپێكردنی سوپای عێراقە لەو ناوچانە، بەڵام بەدرێژایی سنووری ناوچە كێشە لەسەرەكان هێزی پێشمەرگە بڵاوكراوەتەوە. 

وەك سەعدی ئەحمەد پیرە باسیدەكات، دەبێ كورد وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی سەیریان بكات و دەڵێت "ئەوان رۆژێك وەك ئەهلولحەق، رۆژێك وەك نەقشبەندی و رۆژێكیش بە ناوی دیكە دەردەكەون. ئەوانە گفتوگۆیان لەگەڵ ناكرێت، هێزێكن لەسەر بنەمای كێ زۆر بكوژێ و زۆرتر خوێن بڕێژێ، ئەمیر و سەركردە هەڵدەبژێرن".

بەبڕوای سەعدی ئەحمەد پیرە، دەبێ دژایەتی داعش بكرێت و نابێ دەستەوسان سەیریان بكرێت "كارێكی مرۆیی و نیشتیمانی و نەتەوەییشە رووبەڕوویان بوەستینەوە".

پارتی: نابێ كورد ببێتە لایەنێكی شەڕ

بەڵام عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "هەڵەیە كورد جگە لە بەرگریكردن لەو ناوچانەی ئێستا بە دەستیەوەیەتی هێرش ببات و ببێتە لایەنێكی شەڕ لە عێراقدا".

عارف تەیفور، پێیوایە خودی داعش دوژمنی سەرەكی كوردە و دوژمنایەتی كورد دەكات و هەوڵدەدات لە كوردی تێكبدات، بۆیە كورد دەبێ زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكات "بەڵام ئێستا دەبێ پێشمەرگە لەو ناوچانە بمێنێتەوە و نەشبێتە تەرەفی شەڕ،  لەهەمانكاتدا خۆشی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەكردبێ ".

بەبڕوای ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەوەی ئێستا لە ناوچە سوننەكانی عێراقدا جەنگ دژی سوپای عێراق بەڕێوەدەبات تەنیا داعش نییە "كۆنە بەعسییەكان و قاعیدە و ئەو عەشایەرانەش كە ناڕەزایەتییەكانیان بەڕێوەدەبرد لەگەڵیانن، هەرچۆن بێت دەبێ كورد چاوەڕوان بێ، تاوەكو بزانین دەگەنە كوێ ، ئایا دەمێننەوە یان نا".

ئیسلامییەكان: پێویستە تەماشاكەر بین

هەر یەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی، وای دەبینن ئەو شەڕەی ئێستا پەیوەندی بە كوردەوە نییە و داواش دەكەن "لایەنە كوردییەكان بەسەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكەن، بۆ ئەوەی كورد بەرچاوی روون بێت چی دەكات بەرامبەر ئەو بارودۆخە".

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی، ئاماژە بە دوو ئەگەر دەكات كە یەكێكیان تاسەر نەمانەوەی داعشە لەناوچەكە و دووەمیش، دابەشبوونی عێراق و جێگیربوونیانە "ئێستا هەموو گفتوگۆیەك لەگەڵ ئەوانە بێئاكام دەبێت، بۆیە شەڕەكە پەیوەندی بە كوردەوە نییە و پێویستە سەرەڕای ئەوەی خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكەین، نەچینە ناو شەڕەوە و یەكڕیزیش بپارێزرێت".

مەروان گەلاڵی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە "نابێ كورد ببێتە لایەنێكی شەڕ تاوەكو كۆتایی". گوتیشی "ئەوە ئەنجامی زوڵم و زۆری مالیكی و شیعەیە لەو خەڵكانە و تۆڵەسەندنەوەیە، كاری ئێمە وەك كورد ئەوەیە یەكڕیز و تۆكمە بین".

ئێران داوای شەڕ لە كورد دەكات

بەپێی ئەو زانیاریانەی (تۆڕی میدیایی رووداو)، لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتوون، ئێران بە چڕی هاتووەتە سەرهێڵ بۆ هاوكاریكردنی مالیكی و بۆ ئەو مەبەستە وەفدێكی ئێرانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان تاوەكو سەركردەكانی كورد رازی بكەن بە شەڕكردن لەدژی داعش. 

بەرپرسێكی باڵای كورد كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت "یەكێتی لە سنووری دیالە هادی عامری، نزیك لە مالیكییان بینیوە و داوای پشتیوانی لە یەكێتی كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، لەلایەكی دیكەوە وەفدە ئێرانییەكە لە هەولێر لەگەڵ پارتی و یەكێتی و نوێنەری سوننەكان دانیشتوون و سوننەكان داوای ئەوەیان كردووە بەهیچ شێوەیەك سەرباز لە ناوچە شیعەكانەوە نەهێنرێتە شارە سوننییەكان، بەڵام پارتی دانیشتنی لەگەڵ بەغدا و حیزبەكەی مالیكی رەتكردووەتەوە".

سەرچاوەكە هەروەها گوتی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای گەڕانەوەی "كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان دەكات بۆ ئامادەكردنی یەك گوتاری هاوبەش، بۆ ئەوەی كورد ئەو دەرفەتەی لەدەست نەچێت".

عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی نازانم یەكێتی بۆچوونی چییە "بەڵام پێویستە وەك ئێمە بیربكەنەوە، چونكە زەرەرمەندبووین لەدەست مالیكی". هەروەها گوتیشی "بەڵێ ئێران دەیەوێ كورد شەڕی داعش بكات، بەڵام ئەوە كارێكی باش نییە، هەرچەندە ئێران لەم ناوچەیە نفوزی هەیە، بەڵام هەوڵی زۆر دەدەن كورد ئەو شەڕە بكات".

مەروان گەڵاڵی، لەبارەی ئەو داواكارییەی ئێرانییەكانەوە دەڵێ "كورد لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی زۆر قورسدایە، باشترین رێگا ئەوەیە نەچێتە ژێرباری داواكاری وڵاتان". بەڵام ئەبوبەكر هەڵەدنی گوتی "باشترین چارەسەر ئەوەیە، لایەنە كوردستانییەكان كۆببنەوە و رێگە بە دەستێوەردانی دەرەكی نەدەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە