رووداو - هەولێر
خەلیفە حەفتەر، کە خۆی وەکو فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا ناساندووە، هەوڵی بەدەستهێنانی پالپشتی نێودەوڵەتی دەدات و لە رووسیا رایدەگەیێنێت، سوپاکەی لە شەڕی داعشدا لە لیبیا سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکردووە.
حەفتەر لە رووسیا لەلایەن بەرپرسانی باڵای مۆسکۆ پێشوازی لێکرا، وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی رووسیا دەڵێن:" دەبێت لە لیبیا کێشەی نێوان هەردوو حکومەتی ئەو وڵاتە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".
جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر، لەگەڵ ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمی نییە لە لیبیادا، بەڵام خۆی وەکو فەرماندەی سوپای نیشتمانی دەناسێنێت، بەهۆی سەرکەوتنیشی لە شەڕی سەربازی لە بەرامبەر گرووپە ئیسلامییە تووندئاژۆکان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی لیبیادا، هەردوو حکومەتەکەی لیبیا هەوڵدەدەن بەلای خۆیاندا رایبکێشن.
ئەو پیاوە سەربازییە وڵاتانیش وەکو جێگرەوە و ئەکتەرێکی سەرەکی لە ململانێ نێوخۆییەکانی لیبیا تەماشای دەکەن، هەربۆیەش لە سەردانەکەیدا بۆ رووسیا سەرەتا لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پیشوازی لێکرا و ئایندەی سیاسی وڵاتەکەی لەگەڵدا باسکرا.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی "رۆڵی ئێمە وەکو ئاشتیپارێز، بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی هەلی دانوستاندنە لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی لیبیا، بۆ ئەوەی بتوانن گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی خۆیان بکەن، ئەوە هەڵوێستی بنەڕەتی ئێمەیە".
پیاوە سەربازییەکەی لیبیا لەو سەردانەیدا بۆ روسیا ویستی بە رووسەکان بڵێت، کە ئەو هەم نەوتی لەژێر دەستدایە و هەمیش زۆربەی خاکی وڵاتەکە، ئەوەش مانایەکی سیاسی و دیپلۆماسی زۆری بۆ رووسەکان هەیە.
خەلیفە حەفتەر گوتی "گەورەترین دەستکەوتی شەڕەکانی ئێمە رزگارکردنی شاری بنغازی بوو، هەروەها پاراستنی بەندەر و کێڵگە نەوتییەکان بوو، لە هەمووی گرنگتریش دروستکردنی بنکەی سەربازییە لە زۆربەی ناوچەکانی لیبیادا".
هەر لەو سەردانەیدا بۆ رووسیا، حەفتەر لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و باسیان لە ئاسایشی باکووری ئەفریقا و بارودۆخی نێوخۆی لیبیا کرد.
ماوەی شەش ساڵە لیبیا رووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و سەربازی بووەتەوە، لەلایەک ئەو وڵاتە دابەشبووە بۆسەر دوو حکومەت. داعش و گرووپە تووندئاژۆکانیش هەڕەشەی زۆریان بۆ سەر ئاسایش ئەو وڵاتە دروستکردووە، بەڵام ئێستا وڵاتانی ناوچەکە و رووسیا چاویان لە خەلیفە حەفتەرە وڵاتەکە یەکبخاتەوە و ئاسایش و یەکگرتوویی بۆ لیبیا بگەڕێنێتەوە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ