کۆبوونەوەی بلینکن و بن سەلمان لەسەر دۆخی غەززە؛ "کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بوو"

16-10-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی سعودیەی کرد و لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. بلینکن لەبارەی کۆبوونەوەکەوە گوتی، "بەرهەمدار بوو."
 
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 بۆ تاوتوێکردنی دۆخی فەلەستین ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە. کۆبوونەوەکەی ریاز نزیکەی کاژێرێکی خایاند و لەدوای کۆبوونەوەکە بلینکن گوتی، "کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بوو."
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "بلینکن تیشکی خستەسەر بایەخی نەگۆڕی ئەمریکا بۆ راگرتنی هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماس و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا، هەردووکیان پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و پێشخستنی سەقامگیری لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووپات کردووەتەوە."
 
لە لێدوانێکدا بۆ میدیای سعودی، شازادە محەممەد بن سەلمان گوتی، "سعودیە سوورە لەسەر هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە." هاوکات جەختی لەسەر پێویستیی فەلەستینییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان و گەیشتن بە "ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام" کردەوە.
 
پێش شەڕی ئیسرائیل و حەماس، شازادەی جێنشینی سعودیە باسی لە پێشکەوتنی دیپلۆماسی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل کردبوو؛ بەڵام دوای شەڕی حەماس و ئیسرائیل، پرۆسەکەی راگرت و بلینکنیش رایگەیاند، "پەکخستنی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل رەنگە بەشێکی پاڵنەری هێرشەکەی حەماس بووبێت."
 
بلینکن دوای سعودیە چووە میسر، ئەمەش لەکاتێکدایە کە تائێستا میسر نێوەندگیرێکی سەرەکیی نێوان ئیسرائیل و حەماس بووە و کاربەدەستانی ئەمریکا دەڵێن، "قاهیرە کاری لەسەر رێکخستنێک کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکی کەرتی غەززە بەجێبهێڵن، بەڵام حەماس رێگریی لێکردن لە تاکە دەروازەی سنووریی رەفەح دەربچن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە