وەزیری دەرەوی ئەمریکا دوای سەردانی 6 وڵاتی عەرەبی، دەگەڕێتەوە ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
دوای سەردانی شەش وڵاتی عەرەبی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووبارە دەگاتەوە ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، بە سەردانێک گەیشتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل. لە سەردانەکەیدا پەیامی هاوسۆزیی ئەمریکای بە گەلی ئیسرائیل راگەیاند و پێی گوتن "ئەمریکا هەمیشە لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت."
بەمەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و راگرتنی شەڕ، وەزیرەکەی ئەمریکا بڕیاریدا لەماوەی چوار رۆژدا سەردانی شەش وڵاتی عەرەبی بکات لەوانە، ئوردن، قەتەر، بەحرەین، ئیمارات، سعودیە و میسر.
ئەمرۆ دووشەممە 16-10-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە رایگەیاند، "من پێویستم بەدەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەموو ئەو شتانە لەگەڵ ئیسرائیلی هاوپەیمان و هاوڕێمان باسبکەم کە لە چوار رۆژی رابردوو لەماوەی سەردانەکانم لەلایەن هاوبەشەکانمانەوە گوێم لێبوو و فێریان بووم."
گوتیشی، "ئێمە ئامادەین هەرچییەک پێویست بێت و لەدەستمان بێت بۆ خەڵکی غەززەی بکەین. نابێت هاووڵاتییانی سڤیل بەهۆی دڕەندەییەکانی حەماسەوە ئازار بچێژن."
رۆژی چوارشەممە 11-10-2023 جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە کۆشکی سپییەوە هاودەنگی و هەوڵوێستی خۆی بۆ ئیسرائیلییەکان دەربڕی و گوتی، "لەگەڵتانین."
چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، "چەندین سەرۆکی وڵاتە عەرەبییەکان دژی ئەو هێرشانەی حەماسن، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانی دۆخی خراپی گەلی فەلەستینن."
حکومەتی ئەمریکا، (دەڤید ساتەرفیڵید)ـی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە 16-10-2023 بگاتە ئیسرائیل و سەرکردایەتی هاوکارییە مرۆییەکان بکات. ساترفیڵد، باڵیۆزێکی خانەنشین کراوە کە پێشووتر بۆ چەندین ساڵ لە ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک دیپلۆمات کاری کردووە.
ئیسرائیل لە ساڵی 2005 لە غەززە کشایەوە، دوای دوو ساڵ ئیسرائیل گەمارۆی ئاسمانی و وشکانی و دەریایی بەسەر سەر ئەو سنوورەدا سەپاند، لەگەڵ ئەوەی حەماس لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە گروپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، بەڵام توانی دووبارە کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بکاتەوە.