رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، ناتوانن هیچ بۆشاییەک لە غەززە جێبهێڵن، لەدوای شەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چەند وڵاتێک غەززە بەڕێوەدەبەن. دەشڵێت، "دەبێت سوپایەکی زۆر بەهێزمان لە غەززە هەبێت."
لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیای بەریتانی، رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە ناتوانین هیچ بۆشاییەک لە غەززە بەجێبهێڵین، ئیسرائیل دەبێت هێزێکی زۆر بەهێزی لە غەززە هەبێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو گرووپە ئەو کەرتە بەڕێوەنەبەن."
هێرزۆگ ئەوەشی خستەڕوو، "هیچ کەسێک نایەوێت غەززە ببێتەوە بنکەیەکی تیرۆریستی."
لەبارەی بەڕێوەبردنی کەرتەکە دوای شەڕ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، "حکومەتی ئیسرائیل لە گەنگەشەی بەردەوامدایە کە چۆن غەززە لەدوای شەڕ بەڕێوەببەن، ئەمریکا و چەند دراوسێیەکمان لە ناوچەکە هەندێک دەستوەردانیان لە قۆناخی دوای شەڕ دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، هێرزۆگ گوتی، "ئەگەر ئێستا بکشێینەوە کێ غەززە بەڕێوەدەبات؟ دەبێت بیر لە میکانیزمی بەڕێوەبردن بکەینەوە و چەندین بیرۆکەش پێشکێش کراوە."
رۆژی شەممە، 11-11-2023، پرسیار لە نەتەنیاهوو کرا، ئایا دەسەڵاتی فەلەستین کە کەرتی رۆژئاوا بەڕێوەدەبات، لە دوای جەنگ غەززەش بەڕێوەدەبات؟ لە وەڵامدا گوتی، "پێویستە شتێکی دیکە هەبێت. هیچ حکومەتێکی سڤیل لەوێ نابێت کە منداڵەکانیان لەسەر رقبوونەوە لە ئیسرائیل، کوشتنی ئیسرائیلییەکان و سڕینەوەی ئیسرائیل، پەروەردە بکەن."
لە لێدوانێکی هاوشێوەدا، رۆژی دووشەممە 06-11-2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکی ئەمریکی رایگەیاند، "دوای شەڕ، ئیسرائیل بە تەواوی کۆنترۆڵی ئاسایشی غەززەی لەدەستدا دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ