رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی جەزیرەی قەتەری کوژرانی وێنەگرێک و برینداربوونی پەیامنێرێکی لە شاری خان یونس لە غەززە راگەیاند. کەناڵەکە سوپای ئیسرائیل بە بەرپرس دەزانێت و دەڵێت، "ئیسرائیلی داگیرکار هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەو رووداوەی لە ئەستۆدایە". کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانانیش دەڵێت، تا ئێستا 56 میدیاکار لە غەززە، ئیسرائیل و لوبنان کوژراون.
کەناڵی جەزیرە دەڵێت، سامر ئەبو دەقەی وێنەگری کەناڵەکە لەکاتی رووماڵێکدا لە شاری خان یونسی کەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک کوژراوە؛ وائیل دەحدووحی پەیامنێریش لەو هێرشەدا بریندار بووە.
دەحدووح لە نەخۆشخانەی ناسرەوە گوتی، "من و سامر رووماڵی هێرشێکمان بۆسەر ناوەندی خان یونس دەکرد کە چەند کەسێک کوژرابوون و بریندارببوون. تیمی بەرگریی شارستانی پێش ئێمە گەیشتبوون. لەکاتی گەڕانەوەماندا هێزەکانی ئیسرائیل مووشەکێکیان ئاراستەی ئەو قوتابخانەیە کرد و چەند پارچەیەکی مووشەکەکە بە قۆڵی راست و کەمەرم کەوت. سامریش شەهید بوو".
جەزیرە دەڵێت، "ئیسرائیلی داگیرکار هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەو رووداوەی لە ئەستۆدایە. ئەوان رێگرییان لە گەیشتنی ئەمبوڵانس بۆ ناوچەکە کرد".
رۆژی 25-10-2023ش لە هێرشێکی مووشەکییدا بۆ سەر کامپی پەنابەرانی نوسەیرات لە غەززە هاوژین، کچ، کوڕ و نەوەی وائیل دەحدووح کوژرابوون.
57 میدیاکار کوژراون
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل-حەماس و ئیسرائیل-حیزبوڵڵای لوبنانەوە 57 میدیاکار کوژراون؛ 54 لەو میدیاکارانە لە غەززە، 4 لە ئیسرائیل و 3 کەسەکەی دیکەش لە لوبنان کوژراون، واتە رۆژانە تێکڕا میدیاکارێک کوژراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، میدیاکارە فەلەستینییەکان لە غەززە لە دۆخێکی خراپدا رووماڵ دەکەن و "ئەوان جگە لە لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکانیان و ماڵەکانیان، دووچاری قەیرانێکی مرۆیی بێوێنە و ترسناک بوونەتەوە. ئەوان لە دۆخی سەختی نەبوونی ئاو، خۆراک، کارەبا و گەمارۆی تەواودا دەژین؛ هەروەها بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندییەوە ناتوانن زانیاری و راپۆرتەکانیان بگەیەنن".
کۆمەڵەکە هۆشداری لەبارەی رۆژنامەگەری لە لوبنان دەدات و باسی ئەوە دەکات کە میدیاکارانی لوبنان بەهیچ شێوەیەک پارێزراو نین. لە راپۆرتەکەدا باس لە رووداوێکی 13-10-2023 کراوە و تێیدا هاتووە، "تانکەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی میدیاکارێک کە لەگەڵ گرووپێکی دیکەی میدیاکاراندا بوو و هێلەکی تایبەتی میدیاییان پۆشیبوو، هەروەها هەر بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە دوو میدیاکاری دیکە لە باشووری لوبنان کوژران کە پەیامنێرێک و وێنەگرێک بوون".
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان لەبارەی دۆخی میدیاکارانی ئیسرائیلیش دەڵێت، "میدیاکارانی ئیسرائیل لەژێر زەبر و زەنگی شەڕدا کاردەکەن و تا ئێستا چوار میدیاکار کوژراون".
لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش هێزەکانی ئیسرائیل 19 میدیاکاریان دەستگیرکردووە، زۆربەی ئەو میدیاکارانەش لە ماڵەکانی خۆیانەوە هەڵکوتراوەتە سەریان، لێیاندراوە، هەراسانکراون و دەستبەسەر کراون، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ