رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە چین خاوەنی درێژترین و گەورەترین هێڵ و هۆیەکانی گەیاندە لە جیهان و بە تەکنەلۆژیای سەردەم و ژیریی دەستکرد سیستمەکەی زۆر بە باشی رێکخستووە، بەڵام لەبەر گەورەیی شارەکان و قەرەباڵخی و زۆریی دانیشتووان لە شارە گەورەکان، هێشتا نەیتوانیوە لە کێشە و ئاستەنگەکانی گەیاندن رزگاری بێت.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، رۆژێکی ئاسایی پەکینە لە چین. کاتی کارە و جادە و وێستەگەکان ئەوەندە قەرەباڵخن جممەیان دێ. قوتابیان، فەرمانبەران و کارمەندان بەشێکی کاتی رۆژانەیان بەڕێگەوە دەڕوات.
وانگ هۆنگ یوان قوتابییە و دەڵێت: "من هەمیشە میترۆ یان پاسکیل بۆ قوتابخانە بەکاردێنم، چونکە بەیانیان میترۆ پڕی خەڵکە، و ئەوە وا دەکات هەست بە باشییەکی زۆر نەکەم، وا دەکات رۆژەکەم ئەوەندە ئاسان نەبێت."
رێکخستنی هاتووچۆ و قەرەباڵخییەکەی لە چین ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ ئەو زیاد لە ملیار و نیوەی دانیشتووانە. میترۆ و پاسەکان نەبان شەقامەکان دەخنکان و خەڵک بەجارێ پەکی دەکەوت. ئێستا درێژترین هێڵی میترۆی جیهان لە چینە، تۆڕەکەی 310 هێڵ و 54 شاری بەیەکەوە گرێداوە.
فان بۆ شوان، ژمێریارە و دەڵێت: "من لە هێبییەوە هاتووم. لە زێدی خۆم پاس و تەکسی بەکاردەهێم. ئەمجارەیان، بەیانیان بە شەمەندەفەر و پاشنیوەڕۆ بە میترۆ دێمە پەکین. هەستێکی زۆر خۆشە، خەڵکێکی زۆر و کەشێکی قەرەباڵخی تێدایە. پێم وایە لە کاتی لووتکەدا قەرەباڵخە."
هێ زی تۆنگ، خوێندکارە ودەڵێت: "دوای قوتابخانە، بە میترۆ دەڕۆمەوە چونکە زۆر گونجاوە و چێژ لە بەکارهێنانی وەردەگرم. من بە زۆری بۆ چوونە قوتابخانە و گەڕانەوە بەکاری دەهێنم، هەروەها لە کاتی قەرەباڵخیدا میترۆ هەڵدەبژێرم."
زیاتر لە 330 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە شارەکانی پەکین، شەنگەهای و گوانژۆ هەن، کڕینی ئۆتۆمبێلش سنووردار و بە تیروپشکە، ئەویش بە ساڵ ئەگەر بەرتکەوێ. لە بری ئەوە چین هۆیەکانی گواستنەوەی گشتیی بەردەستکردووە.
بۆ قورتاڵبوون لە جەنجاڵی، 20 ملیۆن پاسکیل لە شەقامەکان دانراون، هەموو ئەوانەشی بە پارەدانی ئەلیکترۆنی رێکخستوون تاوەکو پارەدانەکە نۆرە و قەرەبالخی دروست نەکات و کات بگەڕێتەوە.
لی شیانگ، گەشتیارێکی گوانژۆیە و دەڵێت: "لە کاتی پڕ لە جەنجاڵیی بەیانیان و ئێواراندا، دەبێت زوو دەربچین، نیو کاژێر یان کاژێرێک زووتر، بۆ ئەوەی بە میترۆ بگەین چونکە دەزانین لەو ماوەیەدا قەرەباڵخی هاتووچۆ دەبێت."
کێشە و قەرەبالخیی شەقام و وێستگەکان ساڵانە زیاتر لە 24 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی چین دەگەیەنێت و کاروباری خەڵک و حکومەتیش زیاتر دوادەخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ