ئەمریکا گوشار لە هاوپەیمانەکانی دەکات سوپای پاسداران و حیزبوڵـڵا بخەنە لیستی تیرۆرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە دیپلۆماتانی وڵاتەکەی دەکات گوشار لە هاوپەیمانەکانیان بکەن بۆ ئەوەی حیزبوڵـڵا و سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی تیرۆرەوە، پاساوەکەش زیادبوونی مەترسیی ئەگەری هێرشی ئەو دوو هێزەیە.
 
نووسراوەکە مێژووەکەی بۆ 16ی ئادار دەگەڕێتەوە و لەلایەن مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە ئاراستەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لە جیهان کراوە.
 
روبیۆ داوا لە دیپلۆماتانی ئەمریکا دەکات پەیامەکە بگەیەننە هاوتاکانیان بە زووترین کات و دەڵێت، دەبێت هەوڵەکان بۆ بەتیرۆریست ناساندنی ئەو هێزانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکان بکرێت.
 
ئەو نامەیەی روبیۆ لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و لەو کاتەوە جەنگەکە بەردەوامە. 
 
لە نامەکەی روبیۆدا هاتووە: "لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی هێرش لە لایەن ئێران و هاوبەش و بریکارەکانییەوە، پێویستە هەموو حکومەتەکان بە خێرایی کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی توانای ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکانی نزیک لە ئێران لە هێرشکردنە سەر وڵات و هاووڵاتییانمان."
 
نامەکە وردەکاری لەسەر زیادبوونی مەترسییەکان نادات، بەڵام نموونە بۆ ئەوە دەهێنێتەوە کە تاران هێرش دەکاتە سەر دراوسێیەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە  هەنگاوێکی لەو جۆرە گوشار بۆسەر ئێران زیاد دەکات و تواناکانی بۆ "سپۆنسەرکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان" لە سەرتاسەری جیهاندا سنووردار دەکات.