هاکان فیدان: نەتەنیاهوو لەپێناو دەسەڵاتدا ناوچەکە راپێچی جەنگ دەکات

17-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە قەتەر، رەخنەی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی: "ناوچەکە راپێچی جەنگ دەکات."
 
رۆژی چوارشەممە، 17-04-2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە قەتەر چاوی بە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کەوت و گوتی: "ئەوە روونە کە نەتەنیاهوو هەوڵدەدات ناوچەکە راپێچی جەنگ بکات، تەنیا بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە."
 
وەزیرە تورکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەروەها گوتی: "وڵاتانی ناوچەکە نایانەوێت لایەنە سێیەمەکانی دەرەوە کێشەکانی خۆیان بهێننە نێو ئەم جوگرافیایە."
 
ئەندامێکی تیمەکەی فیدان رایگەیاند، هاکان و فیدان و ئیسماعیل هەنییە لە کۆبووەنەوەکەیان لە قەتەر جەختیان لەسەر "دەستەبەرکردنی هاوکاری بۆ غەززە، راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان" کردووەتەوە.
 
فیدان ئەوەشی دووپاتکردەوە کە قەتەر و تورکیا لە کارکردن و هاوئاهەنگیی بەردەوامدان "بۆ ئاگربەستی غەززە."
 
جگە لە سەرکردەی حەماس، هاکان فیدان لەگەڵ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، هاوتا قەتەرییەکەی کۆبووەتەوە.
 
چوارشەممە، 17-04-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کۆتایی هەفتە میوانداریی ئیسماعیل هەنییە دەکات و باس لە چەندین بابەت دەکەن.
 
ئەردۆغان گوتی: "ئەگەر بە تەنیا من وەک ئەردۆغان بمێنمەوە، تاوەکو خودا تەمەن بدات بەردەوام دەبم لە بەرگریکردن لە دۆزی فەلەستینییەکان و دەنگی خەڵکی فەلەستینی ستەمدیدە."
 
رۆژی 13-04-2024، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند: سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆخی فەلەستین نامەیەکی ئاراستەی پاپا فرانسیس، پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان کردووە، تێیدا نووسیویەتی: "نابێت مرۆڤایەتی رێگە بە پێشێلکردنی زیاتری یاسا نێودەوڵەتییەکان بدات." 
 
ئەردۆغان لە نامەکە نووسیویەتی: "پێویستە مرۆڤایەتی دەنگی خۆی دژ بە بۆردوومانی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسەکان هەڵبڕێت. لە دۆخی جەنگیشدا، نابێت دەست بۆ ئەو شوێنانە ببەن." 
 
لە نامەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها جەختیکردووەتەوە لەوەی تا ئەو کاتەی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی نایەت.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2024، دوای هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد و هێشتا بەردەوامە. بەگوتەی تەندروستیی هەردوولا: "هەزار و 160 کەس لە ئیسرائیل و 33 هەزار و 900 کەسیش لە غەززە کوژراون."
 
لە سەرەتای جەنگەوە تورکیا پشتگیریی خۆی بۆ فەلەستین دەربڕیوە و حەماسی بە "بزووتنەوەیەکی رزگاریخواز" ناوبردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە