حیزبوڵڵا: لە 45 رۆژدا زیاتر لە دوو هەزار ئۆپەراسیۆنمان دژی ئیسرائیل کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حیزبوڵڵای لوبنان ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 45 رۆژدا زیاتر لە دوو هەزار ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە و دەڵێت، قووڵایی هێرشەکانیان گەیشتووەتە دوای شاری تەلئەڤیڤ.
 
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، حیزبوڵڵا لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی نێوان 2ـی ئادار تاوەکو 16ـی نیسانی 2026، لە ژێر ناوی "عەسفول مەئکوول"، 2184 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان کردووە، واتە بە تێکڕا رۆژانە 49 ئۆپەراسیۆنی سەربازی.
 
بەپێی راگەیێنراوەکە، هێرشەکان تەنیا سوپای ئیسرائیلیان لەنێو خاکی لوبنان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو بە مووشەک و درۆن بنکە، سەربازگە و ناوەندە سەربازییەکانی نێو خاکی ئیسرائیلیشیان پێکاوە. حیزبوڵڵا دەڵێت، مەودای هێرشەکانیان گەیشتووەتە قووڵایی 160 کیلۆمەتر، کە ناوچەکانی دوای شاری تەلئەڤیڤیش دەگرێتەوە.
 
حیزبوڵڵا دەڵێت، هێرشەکانیان "وەڵامێک بووە بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی سڤیل" و رایدەگەیێنێت: "چەکدارەکانمان دەست لەسەر پەلەپیتکە دەمێننەوە و ئامادەی هەر ئەگەرێکن. تاوەکو دوایین هەناسە لەسەر بەڵێنی خۆمان بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی بەردەوام دەبین."
 
ئەمڕۆ هەینی  ئاگربەستێکی 10 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان چووە واری جێبەجێکردنەوە. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، هەوڵدەدات بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دیدارێکی رووبەڕوو لەنێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە واشنتن رێکبخات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، تەقە بە ئاسمانی بەیرووت دا دەکرێت. وێنە: AFP

ئاگربەستە 10 رۆژەییەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستیپێکرد

رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە خولەکی یەکەمی رۆژی هەینی چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، هەوڵدەدات بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دیدارێکی رووبەڕوو لە نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە واشنتن رێکبخات.