راپۆرتێک: فڕۆکە جەنگییەکانى پاکستان فرۆکەى شاندەکەى ئێرانییان پاراستووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاسمانیی پاکستان بە زیاتر لە 20 فڕۆکەی جەنگی، شاندی دانوستاندنکاری ئێرانییان لە ئیسلام ئابادەوە بەرەو تاران پاراستووە؛ ئەمەش دوای ئەوەی تاران نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە رەنگە ئیسرائیل فڕۆکەی شاندەکە لە کاتی گەڕانەوەیاندا تێکبشکێنێت.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە رۆژی هەینی، 17ى نیسانى 2026 ئاشکرای کرد، پاکستان 24 فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی ئاگادارکردنەوە و کۆنترۆڵی پێشوەختەی ئاسمانی بۆ چاودێری و پاراستنی فڕۆکەی شاندە ئێرانییەکە تەرخان کردووە. 
 
ئەم شاندە کە محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتییان دەکرد، دوای شکستی دانوستاندنە 21 کاژێرییەکانی ئیسلامئاباد لەگەڵ ئەمریکا دەگەڕانەوە وڵاتەکەیان. 
 
بەرپرسێکی ئەمنیی پاکستان بە ئاژانسەکەی گوتووە: "کاتێک دانوستاندنەکان شکستیان هێنا، ئێرانییەکان نیگەران بوون کە شتەکان بە باشی ناڕۆن و گومانیان هەبوو بکرێنە ئامانج."
 
سەرچاوەکە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان، لە نێویاندا فڕۆکەی جەى 10ى دروستکراوی چین، فڕۆکەی شاندەکەیان تاوەکو تاران پاراستووە. 
 
دیپلۆماتکارێکی ناوچەیی رایگەیاندووە، ئێرانییەکان ئەگەری ئەوەیان رەتنەکردووەتەوە ئیسرائیل تەقە لە فڕۆکەکەیان بکات، هەر بۆیە پاکستان سوور بووە لەسەر دابینکردنی ئەم پاسەوانییە ئاسمانییە قورسە.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکجار هەستیارە دوای ئەوە دێت کە ئاشکرا بووە هەریەک لە عێراقچی و قالیباف لە ناو "لیستی ئامانجەکانی" ئیسرائیلدا بوون بۆ تیرۆرکردن. بەپێی ئاژانسەکە، پاکستان داوای لە واشنتن کردووە دەستوەردان بکات تاوەکو ئیسرائیل ئەو دوو بەرپرسە لە لیستەکە دەربهێنێت؛ چونکە ئەگەر ئەوان بکوژرێن، هیچ کەسێک لە تاران نامێنێتەوە تاوەکو دانوستاندن بکات.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مانگی رابردوو بە زمانی هەڕەشەوە گوتبووی: "من بیمەی ژیان بۆ هیچ کام لە سەرکردەکانی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە (ئێران) دەرناکەم". ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئیسرائیل بە وردی خەریکی داڕشتنی پلانە بۆ راماڵینی سەرکردایەتیی نوێی تاران.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا چەند کاژێرێک بەرلە دەستپێکردنی ئاگربەستە کاتییەکە، لە تۆڕى تروس سۆشیال نووسیبووی: "ئەمشەو تەواوی شارستانییەتێک دەمرێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە؛ نامەوێت ئەوە رووبدات بەڵام رەنگە رووبدات."
 
ئێستا "پڕۆسەی ئیسلامئاباد" بۆ ئاشتی لە قۆناخێکی یەکجار هەستیاردایە. عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان پێشبینی دەکرێ دواى چەند رۆژێک مانەوە لە تاران، 17ى نیسان رۆژى هەینى بۆ واشنتن بەرێبکەوێت. 
 
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) گەمارۆیەکی دەریایی تووندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و داهاتی نەوتی تارانی گەیاندووەتە "سفر"، کە ئەمەش وایکردووە نرخی نەوت لە جیهاندا بۆ سەروو 120 دۆلار بەرزببێتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل و لوبنان لەسەر ئاگربەستێکی 10 رۆژە رێککەوتوون، بەڵام بەرەی ئێران هێشتا بە گەرمی ماوەتەوە. 
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم مەزەندە دەکات ئێران هێشتا خاوەنی نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوە و ئەمریکاش مەرجی 20 ساڵ راگرتنی پیتاندنی داناوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لایەنگرێکی حیزبوڵڵا ئاڵای پارتەکەی بەدەستەوەیە. وێنە: AFP

حیزبوڵڵا: لە 45 رۆژدا زیاتر لە دوو هەزار ئۆپەراسیۆنمان دژی ئیسرائیل کردووە

حیزبوڵڵای لوبنان ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 45 رۆژدا زیاتر لە دوو هەزار ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە و دەڵێت، قووڵایی هێرشەکانیان گەیشتووەتە دوای شاری تەلئەڤیڤ.