وەزیری دەرەوەی سعودیە: بەمزووانە باڵیۆزخانەکەمان لە تاران دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی سعودیە لە تاران رایگەیاند، بەم نزیکانە باڵیۆزخانەکەیان لە ئێران دەکەنەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بۆ ماوەی حەوت ساڵ دەبێت باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران داخراوە. هاوکات لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئاشتبوونەوەی وڵاتەکانیان بەرز نرخاند.
 
رۆژی شەممە، 17ـی حوزەیرانی 2023، دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیی نێوانیان و ئاشتبوونەوەیان لە ئاداری ئەمساڵ، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.  شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، "لەگەڵ ئێران چاومان لە برایەتی و دراوسێتی باشە." گوتیشی پێشوازیی لە حاجیانی ئێران دەکەن و "بەمنزیکانەش باڵیۆزخانەکەمان لە تاران دەکەینەوە." 
 
وەزیرە سعودیەکە گوتی، لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانیش کۆدەبێتەوە کە تازە لە گەشتێکی دیپلۆماسی لە ئەمریکای لاتین گەڕاوەتەوە. 
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیاندا، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە ئاشتبوونەوەی وڵاتەکانیان بەرزنرخاند و رایانگەیاند، رەنگدانەوەی لەسەر باشبوونی ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دەبێت. 
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز ئاسایشی یەکسان نەکردووە بە سەربازگەری، بەڵکو پێیوایە ئاسایش چەمکێکی گشتگیرە کە رەهەندی سیاسی، ئابووری، کولتووری، بازرگانی و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت لە نیوان هەموو وڵاتانی ناوچەکە."
 
وەزیرە ئێرانییەکە هەروەها باسی لەوە کرد، لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی ژمارەیەک بابەتیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش پەیوەندیی بازرگانی، وەبەرهێنانی هاوبەش و پێشوازیگرتن لە گەشتیارانی سعودی و حاجیانی ئێرانی. 
 
هاوکات بن فەرحان گوتی، "رێزگرتنی هاوبەش، دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی دوو وڵاتەکە و پابەندبوون بە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" چەقی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان سعودیە و ئێران دەبێت و پارێزگاری لە بەرژوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکرێت. 
 
وەزیرە سعودییەکە رایگەیاند: "دەمەوێ تیشک بخەمە سەر گفتوگۆکانی دوو وڵاتەکە لەبارەی پێکەوەکارکردن بۆ زامنکردنی ئاسایشی دەریایی و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ."
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و بن فەرحان سەرەتای مانگی حوزەیران لە ئەفریقای باشوور لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بریکس (بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور) کۆبوونەوە. بەڵام لە ساڵی 2016ـەوە ئەمە یەکەمجار بوو بەرپرسێکی سعودی سەردانی ئێران بکات. 
 
نێوانی دوو وڵاتەکە لە ساڵی 2016 تێکچوو کاتێک کە سعودیە پیاوی ئایینی شیعە مەزهەب شێخ نەمر ئەلنەمری لەسێدارەدا و خەڵک لە تاران و مەشهەد دژی سعودیە خۆپیشاندانیان کرد و هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی لە ئێران. 
 
مانگی ئادار، تاران و ریاز رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و باڵیۆزخانەکانیشیان لە وڵاتەکانی یەکدیدا بکەنەوە. 
 
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، شازادە فەیسەڵ لە سەردانەکەیدا "چەند رێوشوێنێک" بۆ کردنەوەی نێردە دیپلۆماسییەکانی سعودیە لە تاران دەگرێتەبەر. 
 
شەشی حوزەیران، ئێران باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی لە سعودیە کردەوە. 
 
میدیای ئێرانی رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی سعودیە سەرەتا لە هۆتێلێکی تاراندا دەکرێتەوە، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ شوێنی فەرمیی خۆی.