چیرۆكی راستەقینەی ئەو شۆفێرە بەریتانییەی داعش دەیەوێت سەری ببڕێت

17-09-2014
فازڵ هۆرامی
نیشانەکردن داعش
A+ A-

فازڵ هۆرامی 
رووداو - ئاژانسەکان

هەفتەی رابردوو و لە كۆتایی ڤیدیۆی سەربڕینی دەیڤید هەینزی بەریتانی، كە لە بواری یاریدەدانی مرۆیی كاریدەكرد، وێنەی كەسێكی دیكەی بەریتانی لەلایەن گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بڵاوكرایەوە. 

ئەو كەسە ناوی ئالان هێنینگ و شۆفێری تاكسی بووە لە بەریتانیا. ئەو شۆفێرە دوای ئەوەی كە لەگەڵ گروپێكی موسڵمانی بەریتانی بۆ سێیەم جار روودەكاتەوە سوریا بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارە سوورییەكان، سەرەتای ساڵی رابردوو لەلایەن گروپی داعش لەنزیكی توركیا دەڕفێندرێت و ئێستا ئەو گروپە دەیەوێت بیكوژێت. 

رۆژنامەنووسێكی ئەمریكی بەناوی بیلال عەبدولكەریم، كە ئاگاداری دۆسیەی ئەو شۆفێرە بەریتانییەیە، لە راپۆرتێكدا بەسەرهاتی ئەو شۆفێرە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: داعش بە ناحەق ئەو شۆفێرە بەریتانییەی دەستبەسەركردووە. بیلال ساڵی 1970 لە خێزانێكی مەسیحی رەشپێست لە ئەمریكا لە دایك بووەو لە 1997 لە نیویۆرك موسڵمان دەبێت. لە چەند ساڵی رابردوودا خەریكی كاری رۆژنامەنووسی بووە و لە میسر و چەند شوێنێكی دیكە كاری كردووە. بیلال لە 2012 چووەتە سووریا و زۆر لە ئیسلامییە جیهادییەكان لە بەرەی نوسرە و داعش و ئەحرار شام و گروپەكانی دیكە دەناسێت.

بیلال بەمشێوەیە باسی بەسەرهاتی ئالان هێنینگ ئەو شۆفێری تاكسیە دەكات: 
كاروانی ئۆتۆمبێلەكان سنووری توركیایان بەجێهێشت و دوای 30 خولەك گەیشتنە شاری ئەلدانە. نزیكی دوو كاژێر دواتر، چەكدارانی داعش گەیشتن و ژمارەیەكی زۆر كە لە كاروانەكە یارمەتی مرۆیی پێبوو دەستبەسەركران. چەند كاژێرێك دوای ئەوە هەموویان ئازادكران، تەنیا ئالان هێنینگ نەبێت. سەرەتا بەرپرسانی داعش گوتیان دوای ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵ كرا، ئالان دوای چەند كاژێرێك ئازاد دەكرێت. كاژێرەكان بوون بە رۆژ و ئالان هێنینگ ئازاد نەكرا. هاوڕێ موسڵمانەكانی ئالان توڕە بوون و دواتر داعش پێی راگەیاندن كە ئەو شوفێرە بەریتانیە دیلی ئەوانە". 

كە هاوڕێكانی دەپرسن بۆ گرتوویانە، چونكە ئەو تەنیا چەند كاژێرێك لە خاكی سووریا بووە و زۆربەشی لەناو ئۆتۆمبێلدا بووە، بەرپرسانی داعش دەڵێن كە ئەویان بە تۆمەتی سیخوڕی گرتووە. 

كە چالاكوانە مرۆییەكان دەپرسن بەڵگە چییە بۆ ئەوەی كە ئەو شوفێرە سیخوڕ بێت، بەرپرسانی داعش دەڵێن چونكە ئەو لەم وەرزەی ساڵدا (كاتی كریسمەس) هاتووە بۆ سووریا و پاسپۆرتەكەی ئالان پیشان دەدەن و دەڵێن كە ئەو پاسپۆرتە چیپێكی ئەلیكترۆنی تێدایە، بۆ ئەوەی دەزگای سیخوڕی بەریتانیا بزانێت كە ئالان لە كوێیە. یەكێك لە موسڵمانە بەریتانییەكان پاسپۆرتەكەی دەردەهێنێت و دەڵێت هەموو پاسپۆرتێكی بەریتانی ئەو چیپە ئەلیكترۆنیەی تێدایە. 

موسڵمانە بەریتانییەكان بە چەكدارانی داعش دەڵێن كە ئەو كەسە بەریتانیە لەكاتی كریسمەس لەلای خێزانەكەی نەماوە، لەبەر ‌ئەوەی ویستوویەتی یارمەتی منداڵانی ئاوارەی سووری بدات. یەكێك لە چەكدارەكانی داعش بێدەنگ دەبێت و دواتر دەڵێت كە چارەنووسی ئالان هێنینگ بە دەست ئەو نییە و لە دەست ئەمیری گروپەكەیە. 

دوای چەند رۆژێك داعش رایگەیاند كە ئالان بە دیلی دەمێنێتەوە. كاتێك كە یەكێك لە موسڵمانە بەریتانییەكان بە چەكدارانی داعش دەڵێت كە بەهێشتنەوەی ئالان هێنینگ لە زیندان چیتر هەناردەكردنی كۆمەكی مرۆیی لە بەریتانیاوە ئاسان نابێت، یەكێك لە چەكدارەكانی داعش دەڵێت ئێمە پێویستمان بە كاری مرۆیی نییە، چونكە خودامان هەیە.
 
چەند نوێنەرێكی گروپە ئیسلامییەكانی دیكە دەچن بۆ لای گروپی داعش بۆ ئەوەی ئەو شۆفێرە ئازاد بكەن، بەڵام كاریگەری نابێت. تەنانەت گروپی نوسرە كە گروپێكی هاوپەیمانی قاعیدەیە نوێنەرێك دەنێرێت بۆ ئەوەی ئەو بەریتانیە ئازاد بكرێت، بەڵام دیسان كاریگەری نابێت.

دواتر پەیوەندییان بە منەوە كرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدەم لە ئازادكردنی ئەو شۆفێرە بەریتانیە، چونكە چەند چەكدارێكی داعشم دەناسی كە ئێستا پلەیان بەرزبووەتەوە لە ناو ئەو گروپە. 

چەند رۆژێك دواتر شوێنەكانی داعش لە ئەلدانا لە لایەن گروپی "جەیش ئەلموجاهدین" هێرشیان دەكرێتە سەر و داعش دیلەكانیان دەگوازنەوە بۆ شوینێكی دیكە و چیتر كەس ئاگای لە ئالان هێنینگ نامێنێت تا هەفتەی رابردوو، كە لە ڤیدیۆكە دەركەوت و هەڕەشەی سەربڕینی لێكرا. 

ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت: "ئەو پرسیارەی كە من بۆ لایەنگرانی داعش هەمە ئەمەیە: ئیستا ئێوە چی دەكەن؟ ، ئەو پیاوە بەریتانیە هات بۆ یارمەتیدانی سووریە هەژارەكان. ئەو پیاوە لەگەڵ گروپێكی موسڵمان هاتبوو كە دەیانزانی دەیەوێت یارمەتی برا موسڵمانەكانیان بدات. چۆن ئیسلام رێگە دەدات بەم هەڵسوكەوتە لەگەڵ ئەم پیاوە بەریتانیە؟ كوا ئەو ترسەتان لە خودا ئەی ئەوانەی كە لایەنگری ئەبوبەكر بەغدادی دەكەن؟ لەوانەیە ئێوە سەرەتا ویستووتانە خزمەتی خودا بكەن، بەڵام یارمەتیتان بۆ ئەم گرووپە ئێوەی بە رێگەی خراپدا بردووە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە