نەتەنیاهوو: نەورۆزتان پیرۆزبێت و ئاهەنگ بگێڕن، ئێمە لە سەرەوە چاودێری دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێدا کوژرانی دوو سەرکردەی باڵای ئێرانی لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا راگەیاند و پیرۆزبایی نەورۆزی لە گەلی ئێران کرد.
رۆژی چوارشەممە 18-03-2026 نەتەنیاهوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە تێیدا لە ناو ژووری ئۆپەراسیۆن و لە دەوری وەزیری بەرگری، سوپاسالار، سەرۆکی مۆساد و فەرماندەی هێزی ئاسمانی دەرکەوتووە، رایگەیاند: "لە 24 کاژێری رابردوودا، توانیمان دوو لە سەرکردە تێرۆریستە هەرە باڵاکانی ئەم رژێمە ستەمکارە لەناو ببەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناو جەرگەی شارەکان، گۆڕەپانەکان و چوارڕیانەکانی ئێران خەریکی پێکانی "چەکدارە تێرۆریستەکان"ـن. نەتەنیاهوو گوتی، ئەم هێرشانە بۆ ئەوەیە کە رێگە بۆ خەڵکی ئێران خۆش بکرێت تاوەکو بە ئازادی ئاهەنگەکانی جەژنی ئاگر (رێوڕەسمی چوارشەممە سووری) بگێڕن.
نەتەنیاهوو لە پەیامەکەیدا کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، رووی دەمی کردە گەلی ئێران و گوتی: "ئاهەنگ بگێڕن و نەورۆزتان پیرۆز بێت. ئێمە لە سەرەوە چاودێریتان دەکەین."
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە سێیەم هەفتەوە و ئیسرائیل جەخت لەسەر بەردەوامیی تێکشکاندنی سەرکردایەتییە سەربازییەکانی تاران دەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەیانیی رۆژی سێسەممە لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا - ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە تاران، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کوژرا.
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە: "لە کۆتاییدا، دکتور عەلی لاریجانی گەیشتە ئاواتی لەمێژینەیی و تێکەڵ بە شەهیدانی جەنگی رەمەزان بوو."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، مورتەزا لاریجانی، کوڕی عەلی لاریجانی و عەلیڕەزا بەیان، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنەکە بۆ کاروباری ئاسایش و بەشێک لە پاسەوانەکانی عەلی لاریجانی لە هێرشەکەدا کوژراون.
لە بارەی وردەکاریی هێرشەکە، ئاژانسی هەواڵی فارس دەڵێت: "عەلی لاریجانی، لەگەڵ کورەکەی و یەکێک لە جێگرەکانی و و ژمارەیەک لە پارێزەرانی، لە ماڵی کچەکەی لە گەڕەکی پەردیس بوونەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی لاریجانی راگەیاندبوو.
دوای هەواڵی کوژرانی، لە تەلەگرامی عەلی لاریجانییەوە پەیامێک بڵاوکرایەوە کە گوایە بە دەستخەتی خۆی نووسراوە و باس لە کوژرانی ئەندامانی هێزی دەریایی ئێران دەکات، بەڵام دیار نییە کەی نووسراوە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "تازە لە لایەن سوپاسالارەوە پێم راگەیێندرا کە شەوی رابردوو، لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سولەیمانی، فەرماندەی بەسیج" کوژران.