هۆشیار زێباری ئامۆژگاریی حامید كارزای دەكات

18-12-2013
جێگر نازم
A+ A-
رووداو – نیویۆرك تایمز

لە گرینگترین قۆناغەكانی مێژووی ئەفغانستان و لەبەردەم یەكێك لە چارەنو‌وسسازترین بڕیاری سیاسی لەمەڕ داهاتو‌وی وڵاتەكەی، حامید كارزای سەرۆكی ئەفغانستان كاتێكی زۆری بۆ كۆبو‌ونەوە لەگەڵ هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق تەرخانكردبوو، كاتێك لە 2ی ئەم مانگە سەردانی كابوڵی كرد.

چەندین ساڵ بو‌و هیچ بەرپرسێكی عێراقی سەردانی ئەفغانستانی نەكردبو‌و، سەردانەكەش وا راگەیەنرا كە بۆ ئاسانكردنی زیارەتی ئەفغانییە شیعەكان بو‌وە بۆ مەزارەكانی شیعە لە نەجەف و كەربەلا، بەڵام سەردانەكە لە‌و كاتەدا ئەنجامدرا كە حامید كارزای بیانو‌و دەهێنێتەوە و خۆی لە واژۆكردنی رێككەوتننامەی ئەمنی دەدزێتەوە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتو‌وەكانی ئەمریكا. كە ئەوەش بەپێی تێڕوانینی زۆربەی چاودێرانی سیاسی هەوڵێكە بۆ زیادكردنی لایەنگرانی و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر لەم رێككەوتننامەیە.

لە كۆبو‌ونەوەكەدا و لەشێوەی ئامۆژگاریی لەنێوان دوو دۆستدا، زێباری بە كارزای گوتو‌وە "ناكۆكییەكانتان لەگەڵ ئەمریكا چارەسەر بكەن و رێككەوتنەكە واژۆ بكەن". وەزیری دەرەوەی عێراق زیاتر گوتبو‌وی "مەكەونە ژێر كاریگەریی ئەم وەهمەی كە دەڵێ ئەمریكییەكان تاهەتایە لە وڵاتەكەتان دەمێننەوە، چونكە لە عێراقیش خەڵك دەیگوت ئەمریكییەكان ناڕۆن، بەڵام ئەوان بە پەرۆشییەوە رۆیشتن و دڵنیاش بە بەپەرۆشەوە ئەفغانستانیش بەجێدەهێڵن".

بەپێی لێدوانی بەرپرسە ئەفغانی و عێراقییەكان كە ئامادەی كۆبو‌ونەوەكە بو‌ون و نەیانویستووە ناویان ئاشكرابكرێ، زێباری بە ئەوەشی بە كارزای گوتووە "حكومەتی عێراق سەرەڕای خەرجكردنی ملیارەها دۆلاری داهاتی نەوت و هێزی سەربازی باش‌و مەشقپێكراو ناتوانێ تەنانەت ئاسایشی بەغداش بپارێزێ، ئینجا چۆن ئەفغانستان كە 20%ی خەرجییەكانی ساڵانەی حكومەتی پێ دابینناكرێ بەبێ یارمەتی ئەمریكا دەتوانێ ئاسایشی وڵات دابین بكات".

كارزای ئەمانەی هەمو‌و بیستووە، چونكە بەرپرسە ئەمریكییەكان لەوەتەی كارزای گوتو‌ویەتی رێككەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا واژۆ ناكات، لە لێدوانەكانیان بۆ رۆژنامەنو‌وسان و لەگەڵ بەرپرسە ئەفغانییەكان هەڕەشەی كشانەوەی یەكلایەنەی هێزی سەربازی دەكەن لە كۆتایی 2014 ئەگەر رێككەوتننامەكە مۆر نەكرێ.

حامید كارزای، سەرۆكی ئەفغانستان ئەم ئامۆژگارییەی زێباری وەها لێكدابووەوە، كە ئەوە حەزی ئەمریكییەكانە بۆ رێككەوتن و دوای كۆبو‌ونەوەكە بە راوێژكارەكانی گوتووە "دەبینن ئەمریكییەكان چەند پەرۆشی رێككەوتنن، تەنانەت بە عێراقییەكانیشیان گوتووە تا فشار بخەنە سەرم". بەڵام وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا گوتی "ئەمە تەنها ئامۆژگارییەكی دۆستانە بووە، نەك نامەیەك بێ كە بۆ ئەمریكییەكانی گەیاندبێ".

 زێباری گوتووشیەتی "دوو ساڵ دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دووبارە چو‌وینەوە بۆ واشنتۆن تاوەكو یارمەتی بەردەواممان بدەن ‌و پشتگیریی سەربازیمان بكەن، ئەمەش لە ئەنجامی بەرزبو‌ونەوەی هێرشەكانی قاعیدە و گرو‌وپە چەكدارەكانی دیكە، پێویستە ئەفغانستانیش سو‌ود لەم ئەزمو‌ونەی ئێمە وەربگرێ".

حامید كارزای حەفتەی رابرد‌وو بە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی گوتبو‌و "تەنانەت ئەگەر ئەمریكییەكان نیازی فێڵ و هەڕەشەشیان نەبێ، ئێمە رێككەوتنەكە مۆرناكەین تاوەكو داخوازییەكانمان جێبەجێ نەكەن. ئەمەی ئێستا دەیبیستم و لەم رۆژانە بیستوومە تاكتیكێكی كۆڵنیۆڵی ئاشكرا و زانراوە".

هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی ئەم هەڵوێستەی كارزای لە كابول و واشنتۆن چەندین شیكردنەوەی لێكەوتووەتەوە، كە نازانرێ توڕەیی كارزای لەبەر شەڕی 12 ساڵەی شكستخواردووە لەگەڵ تاڵیبان و ترسی لەوە هەیە ئەمریكییەكان پشتی تێبكەن بۆیە دەیەوێ هەڵوێست وەربگرێ، یان ئەم هەوڵەی بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی باشترە بۆ گەل و حكومەتەكەی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە