رووداو - ئاژانسەكان
حیزبوڵڵای لوبنانی گومانی خۆی لە شایستەبوونی سعودیە لەسەرکرادایەتیکردنی هاوپەیمانێتی ئیسلامی سەربازی دەربڕی، رەتیشیکردەوە لوبنان بەشێک بێت لەو هاوپەیمانێتییە.
لە راگەیێندراوێكدا كە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17-12-2015 بڵاویكردەوە، گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هاوپەیمانێتیە ئیسلامییە سەربازییەكەی سعودیە راگەیاند، كە 34 وڵاتی ئیسلامی تێدایە و لوبنانیش بەشداری كردووە".
حیبزبوڵڵای لوبنان رایگەیاندووە "ئەو هاوپەیمانێتییە لە پێکهێنانیدا پەلەکردنی پێوەدیارە و بەشێوەیەکی گوماناوی پێکهێندراوە، کە پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئایا سعودیە چەندە شایستەی رێبەرایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەکی دژ بە تیرۆرە، لە کاتێکدا، کە خۆی هەڵگری بیری تووندئاژۆییە".
هاوكات حیزبوڵڵا، دەوڵەتی سعودیەی بە پشتگیری و پاڵپشتی لە بیری تووندئاژۆیی لە جیهاندا تۆمەتبار كردووە.
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوەکەدا، رەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سعودیە لەیەمەن دەگرێت و ئاماژەی بەوەشداوە، سعودیە پاڵپشتی لە چەکدارە سوننییەکانی سووریا دەکات.
رۆژی سێشەممە 15-12-2015 سعودیە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئیسلامیی سەربازی بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر بەبەشداری 34 وڵات راگەیاند.
هاوپەیمانێتی ئیسلامی دژە تیرۆریزم، ئامانجی دروستکردنی کەمپەینێکی سەربازی وڵاتانی ئیسلامییە دژ بە تیرۆریزم و گرووپە تووندئاژۆ ئیسلامییەکان.
لەنێو وڵاتە ئیسلامییەکانی جیهان و ناوچەکەدا، وڵاتێکی ئیسلامی کە ناوی لەنێو لیستی هاوپەیمانێتییەکەدا نییە، کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە بووەتە رکابەرێکی سەرەکی عەرەبستانی سعودیە لە ناوچەکەدا و کێشەکانیان لەبارەی عێراق، سووریا و یەمەنەوە بەردەوامە و، هەردوولا بە دوو ئاراستەی تەواو پێچەوانە کاردەکەن. هەروەها عێراق و سووریاش لەو هاوپەیمانێتیە بەدەرن.
وڵاتانی بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیە پێكدێن لە:
سعودیە، تورکیا، قەتەر، ئیمارات، ئوردن، کوەیت، بەحرەین، لوبنان، لیبیا، میسر، پاکستان، یەمەن، بەنگلادیش، چاد، گابۆن، ئیڤۆری كۆستا، گینیا، مالی، مەغریب، مۆریتانیا، نەیجەر، نایجیریا، فەلەستین، سەنیگال، سۆماڵ، سودان، تۆگۆ، تونس، سیریالیۆن، مالیزیا، بەنین، كۆمۆرۆس، جیبوتی و ماڵدیفز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ