سنوور...

19-02-2019
ئارام فەتحی
نیشانەکردن کۆچ رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-


ماوەی حەفتەیەک بوو لە ماڵی قاچاخچییەکەم لە ئیستانبول کە کەسێکی دڵسۆز و ئاشناش بوو، مابوومەوە و هەموو ڕۆژ زۆرم بۆ دەهێنا کە بەشکوو زووتر بەڕێمان بکات، با لەوە زیاتر دوانەکەوین نەوەک سنوورەکان دابخەن. تا ئاخری سنووری یۆنان بۆ مەکدۆنیا بەڕووی ئەو کەسانەی وەک ئێرانی دەناسران، داخرا. قاچاخچییەکەم هەموو ڕۆژ دەیگوت: بەقوربان پەلە مەکەن با هەوا خۆش بێت دەتاننێرم؛ خۆ من نامەوێ بە خنکانتان بدەم. ئاخری بەڕێی کردین. 


نزیکەی شەش کاتژمێری خایاند تا بە پاس گەیشتینە شوێنی بەلەمەکان. بنەماڵەیەکی مەهابادی لە پاسەکەی ئێمەدا بوون کەیفیان بەوە بوو کە لە کوێ بە ئێمە بڵێن بێدەنگ بین یان لە کوێ پەردەی جامەکان بکێشین بۆ ئەوەی پۆلیس نەمانبینن و نەمانگرن. ئاخر ئەوان چوار جار ئەو ڕێیە ڕۆیشتبوون و گیرابوون. شوێنمان تەنگ بوو. حەوت کەسمان شوێنیان نەبوو بۆ دانیشتن و بەزۆر خۆیان ڕاگرتبوو. هەرکەسە خەڵکی شارێک بوو: مەهاباد، سنە، سەقز، بۆکان، مەریوان و... زۆرینەی ئەو جەمعە خێزان بوون، تەنها من و چەند کەسێکی تر نەبێت. چەند جارێک لە ڕێ پۆلیسی تورک پێشی پێ گرتین. کاتێ شۆفێرەکە ماشینەکەی دەوەستاند، هەموومان ترس دەچووە دڵمانەوە کە ئەوە گیراین و دەمانگەڕێننەوە بۆ دواوە. بەڵام پۆلیسەکان هەموویان پارەخۆر بوون و داوای پارەیان دەکرد؛ بۆیە شۆفێرەکە بە پارە کارەکەی جێبەجێ دەکرد. کاتێ لە پاسەکان دایانبەزاندین، گوتیان دەبێ لە یەک خولەکدا هەمووتان پاسەکەتان چۆڵ کردبێ و دابەزیبن. دەمەوبەیان بوو بەرەو ڕۆشنایی دەڕۆی. نزیکەی شەست کەس دەبووین. 

لێرە ئیتر لەگەڵ باندێکی مافیادا بەرەوڕوو بووین. چەند کەسێک قاچاخچی نەناسراو و تووڕە. تەنها باشییەکەی ئەوە بوو کە لە شانسی ئێمەدا باندەکە گۆڕابوو، چەند کەسێکی باشتر لەوانە هاتبوون کە پێشتر ناومان بیستبوون. بیستبوومان کە بە زۆری دەمانچە قسە دەکەن و دەتوانن بەئاسانی بتکوژن و وەک بەفری پاریش تەواو بیت. بەڵام ئەمانەی ئێمە دیمانن زۆرینەیان خۆیان کورد بوون؛ بۆیە تۆزێ دڵم ئاسوودە بوو کاتێ ئەوەم زانی. گوتیان ژن و منداڵەکان بڕۆن بۆ قەراخ ئاوەکە و پیاوەکان هەر لێرە بوەستن کارمان پێتانە. بڕێ لە پیاوەکان خۆیان دەدزییەوە. یەک دەیگوت: ئەژنۆم عەمەڵ کردووە؛ یەک دەیگوت: دیسککەمەرم هەیە؛ یەکێ تر دەیگوت کە دایکی تەنیایە. ئەو خێزانە مەهابادییەی کە لەناو پاسەکە قسەی زۆریان دەکرد، پیاوەکەی ئەو بنەماڵەیەش بە هەرجۆر بوو خۆی دزییەوە و ڕۆشت. ڕاستییەکەی منیش هاتم خۆم بدزمەوە، بەڵام نەمتوانی و لە ئاخرەوە هەر پێوەبووم! ئاخر کارەکە زۆر دژوار بوو؛ دەبوو ئەو بەلەمانە لەگەڵ مۆتۆر و شتەکەی بە کۆڵ و بە سەرشان هەڵمان بگرتنایە تا قەراخ ئاوەکە و لەوێش هەوامان تێکردنایە و دیسان هەڵمانگرتنایە و بمانخستنایەتە ناو ئاوەکە و ڕامانگرتنایە تا خەڵک سواری بن!

نزیکەی بیست خولەک ئەو بەلەمانە بەسەرشانمانەوە بوو تا گەیشتینە نزیک ئاوەکە. بۆ بەدبەختی من لەگەڵ سێ کەس کەوتبووم کە دوویان نەیاندەتوانی بەشی خۆیان هەڵگرن و پەیتا پەیتا دەبوو داماننایەتە سەر عەرزەکە و وچانمان بدایە. دوو کەس لەوانە کە هەردووکیان سنەیی بوون، دوو کوڕی نزیک بیست و سێ، بیست و چوار ساڵان بوون، هەردووکیان خومار بوون. یەکێکیان کە زۆریش قسەی دەکرد و لێی ماندوو بووبووم؛ پێشتر لە قەندیل گەریلا بووە. گوتم: بۆ لەوێ نەمایەوە؟ گوتی: جا من لێنا بمێنم چە بکەم؟ ئۆجەلان ژنی ناوێ، خۆ من گەرەکمە ئابرا!

هەوڵم دا کەمتر لەگەڵی قسە بکەم لەبەر ئەوەی دیار بوو لە زۆربڵێکان بوو. ئەو کوڕە لە ڕێگای هەڵگرتنی بەلەمەکە زللەیەکی لە هاوڕێ سنەییەکەی دا، لەبەرئەوەی نەیدەتوانی باش هەڵیگرێ و هەر دەیبۆڵاند و دەیگوت: من نەهاتووم ئەم کارانمە پێ بکەن و من نایکەم. یەکێ لە قاچاخچییەکان کە کوردی باشوور بوو، گوتی: کورە هەڵیگرە دوو مانگی تر لەو ئورووپا حەیاتە بۆ خۆت دەچی بە لای گان و کچۆڵەی خۆتەوە. قسەکانی لام سەیر نەبوو، چوون یەکەمجار نەبوو لەو قسانەم دەبیست. کوڕە گوتی جا من لێی نانەوم بڕۆن چی دەکەن بیکەن. گیرمان کردبوو. ئێمە کە زۆر ماندوو بووبووین تەواوی گیانمان خووسابوو لە ئارەقەدا، بۆیە ئیتر لێ بڕابووین. قاچاخچییەکە زەنگی دا چەند کەسێکی تریش هاتن بۆ یارمەتی و هەڵیانگرت. کاتێ گەیشتین بە خەڵکەکە ئەوان هەموو خۆیان تەیار کردبوو، جلیقە و شتیشیان لەبەر خۆیان کردبوو. هەوامان کردە بەلەمەکان و بەهەر گێچەڵێک بوو خستمانە سەر ئاوەکە. تاکوو سەر سنگمان لە ئاوەکەدا بوو، بەلەمەکەمان ڕاگرتبوو تا سەرەتا ژن و منداڵەکان بچنە ناوی. بوو بە قێڕە و حەشر و هاوار! یەکێ دەیقیڕاند، یەکێ دەیجیقاند! نیوەیان کە هەر حەپەسابوون و زاتیان نەبوو بدەن لە ئاوەکە و سوار بەلەمەکە بن. من بە زۆر توانیم بچمە ناو بەلەمەکە. یەکێک لە هاوڕێکانم هێشتا سوار نەبووبوو گیری کردبوو. بە هاوڕێیەکی ترم گوت بڕۆ پەلی بگرە و بیکێشە سەرەوە؛ کاتێ ڕۆی قاچاخچییە تورکەکە یەک زللەی توندی لێدا و گەڕاندیەوە دواوە. 

بیست و هەشت کەس سوار بووین؛ بە ژن و منداڵ و پیاوەوە. ئەمجار بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕاین کە بڕیار بوو بەلەمەکە لێخوڕێ. کەسێکی فارسی شیرازی بوو؛ لەگەڵ ژنەکەی هاتبوو. چەند هاوڕێیەکی لە کاتی سواربوونی بەلەمەکەدا بەجێمابوون. دواتر ژنەکەی ئەوەی بۆ گێڕاینەوە کە بە زەبری دەمانچە ناچاریان کردوون زوو سوار بن. یەکێ لە هاوڕێکانیشیان کاتێ هاتبوو سوار بەلەمەکە بێت، قاچی لە ناو ئاوەکەدا خزابوو و بە خۆی و منداڵەکەیەوە کە بە سەرشانیەوە بوو دابوویان بەناو ئاوەکەدا و فریا نەکەوتبوون سوار بن. بەهەرحاڵ مۆتۆری بەلەمەکە کەوتەکار و بەڕێکەوتین. چەند کچێکی تەمەن بیست و پێنج ساڵ لە ترسدا دەستیان کرد بە قیژە و گریان. منداڵەکانیش ئاڵۆزان؛ دیارە زۆربەمان خۆف گرتبووینی. لەبەرئەوەی ئاوەکە شەپۆلی هەبوو بەلەمەکە دەشەکایەوە. یەک دوو خێزان لەوانەی کە لەگەڵمان سوار ببوون، دیارە ئەوە چەندەمین جاریان بوو، چەند جاری پێشوو پۆلیسی ئاویی تورکیا گرتبوونی، بە کەشتی گەڕاندبوونیەوە دواوە. یەک لەوانە خێزانە مەهابادییەکە بوون، ژن و پیاوێک و دوو منداڵی تەمەن حەوت هەشت ساڵان. پیاوەکە بە تەمەن چل و سێ ساڵ دەبوو؛ ژنەکەش سی و هەشت. 

ئەو خێزانە لە پەسا خۆف و دڵەڕاوکێیان زیاتر دەکرد و دەیانگوت یان پۆلیس دەمانگرێ یان دەخنکێین. من کە بەڕاستی خەمی هیچیانم نەبوو وەک بڵێی مان و نەمان لام جیاوازی نەبێ و مردن و نەمردنم بۆ گرنگ نەبێ. بۆم گرنگ نەبوو کە بمرم، لەبەر ئەوەی مردن گرنگایەتیی خۆی لەدەستدابوو لەلام. مەرگ هەمیشە دەیەوێ گرنگیی خۆی بە مرۆڤەکان نیشان بدات و پێیان بڵێتەوە کە ئەو چەندە گرنگە؛ بۆیە ژیانیش بایەخدار دەکات. بەڵام من خاڵی بووبوومەوە لە بایەخی مردن و لە گرنگییەکەی. گرنگ ئەوە بوو من لەسەر ئەو ئاوە بووم و تەنها وەک ئەزموونی خۆم تەماشام دەکرد. هەوڵم دەدا بزانم ئەم خۆفە کامەیە کە باسیان دەکرد. هەوڵم دەدا لە نزیکەوە ڕەنگی مردن بە ڕوخساری ئەو خەڵکەوە ببینم! بزانم چ هەستێکی هەیە. ترسی مردنەکان جیاوازن؛ بۆ وێنە ترسی مردنێ کە لە مەیدانی مین هەتە، جیاوازە لەگەڵ ترسی مردنێ کە لەسەر بەرزییەکەوە بکەویتە خوارەوە. من ئەوانەم تاقیکردبووەوە گەرچی جەبری لە پشتەوە بووبێ. بەڵام بەگشتی عاشقی تاقیکردنەوەی ترسی مردنم. گەرچی لە دوایین ساتەکاندا کە هەست دەکەی مردن لێت نزیکە، ئەوەندە نزیک لە ئاستی پەرداخە ئاوێکی تر کە بە گەرووت زیاد بێت و داتپۆشێت؛ لەو ساتەدا بێ ئەوەی خۆت بزانی هەوڵی خۆڕزگارکردن دەدەی. کاتێ کەسێک بکەوێتە ناو زەریا، هەر دەستوپێیەک لێدەدا. 

ئەگەر مەلەش نەزانێ، بێ ئەوەی بتوانێ پێش بە خۆی بگرێ دەکەوێتە مەلەکردن. بەلەمەکەمان خەریک بوو پڕ دەبوو لە ئاو و لەوانە بوو بتەقایە یان مۆتۆڕی بەلەمەکە لەکارکەوتایە؛ بۆیە هەمووان ترسابوون و بە کوڕەی فارسیان دەگوت: "مجتبی برگرد.. مجتبی داریم غرق میشیم قایق رو برگردون"... ئەویش دەیگوت: "دیگە نمیتونیم برگردیم، بنزین موتورمون دارە تموم میشە". دەبوو دوو کار بکەین: پۆتینەکانمان داکەنین و بە پۆتینەکان ئاوی ناو بەلەمەکە بکەینەوە ناو زەریاکە و هاوکات زەنگیش بدەین بۆ بەشی فریاکەوتنی یۆنان کە بە کەشتی بێن بەهانامانەوە. هەردوو پۆتینەکەم داکەندبوو؛ تایەکی بە خۆم بوو، تایەکی بە هاوڕێیەکی ترم. کابرای مەهابادیش هەر دەیبۆڵاند و ئەمری پێ دەکردین و دەستووری دەدا و دڵنگەرانیی هەمووانی زۆرتر دەکرد. تەلەفۆنی دەرهێنا کە زەنگ بۆ بەشی فریاکەوتنی یۆنان بدات؛ خۆیشی ئینگلیزی نەدەزانی بۆیە تەلەفۆنەکەی دا بە کەسێکی تر و گوتی تۆ قسە بکە. کاتێ قسەی کرد، کەسی ئەولا بە تورکی وەڵامی دایەوە.

کابرای مەهابادی لە ترسا سەری لێ شێوابوو بەهەڵە زەنگی بۆ پۆلیسی تورکی لێدابوو، بۆیە بە تورکی وەڵامی تەلەفۆنەکە درایەوە. بەلەمەکە تا دەهات زۆرتر ئاوی تێ دەڕژا. لە هەندێ شوێندا شەپۆل دەهات و لەوەدا بوو وەرگەڕێین و لە زەریا بکەوین. زۆرینە لەو کاتانەدا دەیانقیڕاند؛ چەند کەسێکیش کەوتبوونە ڕشانەوە و حاڵیان باش نەبوو. من قاچم هیچ هەستێکی نەمابوو و هەستی بە هیچ نەدەکرد. ژنی کابرای مەهابادی بەسەر لاقمەوە دانیشتبوو، تا ئەژنۆشم لە ئاودا بوو، دەستێکیشم بە هاوڕێکەی پاڵ دەستمەوە بوو کە نەکەوێتە ناو ئاوەکە، لەبەر ئەوەی تاوناتاوێک دەڕشایەوە؛ بەحاڵ پەنجەم لە تەنافێک گیر کردبوو کە نەکەومە ناو ئاوەکە، ئەویش لە ژێر تەنافەکەدا قرنجابوو. 

کابرای مەهابادی هەوڵی دەدا زوو بە زوو بە تەلەفۆن بەشی فریاکەوتنی یۆنان بگرێت. بەڵام ئومێدێکی پووچ و بەتاڵ بوو. کەشتییەکیان لە دوورەوە دیبوو هەر دەیانگوت ئەوەتان و ئەوە دێن فریای ئێمە بکەون. بەڵام وا نەبوو. من دەمزانی کە ئەوە ئومێدێکە دەیانەوێ بیانبێت بۆ ئەوەی بڕوا نەکەن کە هەر دەبێ بمرن. بۆ ئەوەی بپاڕێنەوە لە ژیان، تاکوو تاوێکی تریش بمێنن و لەمدیو دەروازەی ژیانەوە بن. مرۆڤ هیچکات حەز ناکات بەو قەناعەتە بگات کە دەبێ بمرێت .لێزەریان دەدا لە کەشتییەکە بۆ ئەوەی بەشکوو بمانبینێ و فریامان بکەوێ. 

بەڵام من پێکەنین گرتبوومی. ئاخر لێزەر بە ڕۆژدا کەی ڕووناکییەکەی تا دوو میتریش بڕ دەکات؟!کۆڵەپشتییەکانمان فڕێدابووە ناو ئاوەکە، لەبەر ئەوەی بەلەمەکە لەوە زیاتر قورس نەبێ و ئیتر ناچار بووین. بەڵام کوڕێکی فارسمان لەگەڵ بوو کە بە هیچ جۆر حازر نەبوو کۆڵەکەی بهاوێتە ناو ئەو ئاوە. ژنێکی کوردیش هەر بەو جۆرە! دەمگوت بۆ تووڕی نادەی؟ ژنە دەیگوت: چونکە قورئانی تیایە. گوتم کورە ئەو خەڵکە مەدە بە کوشت، تووڕی بدە. ئاخری هەر قورئانەکەی تووڕ نەدا. بەڕاستی حەزم نەدەکرد نە خۆم، نە هیچکام لەو خەڵکە بمرین، بەتایبەت منداڵەکان. 

بەڵام حەزم نەدەکرد بە درۆیش خۆم دڵخۆش بکەم. لە شوێنێ کە لە مەرگ نزیک بووین، ئیتر هەوڵم دەدا شتەکە وەک خۆی ببینم. لەو کاتەدا بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەم ئاوە وەک دەروازەی بەختەوەری لێ هاتووە بۆ ئەم خەڵکە داماوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەمووان وا دەزانن لەو ئاوە بپەڕنەوە ئیتر تەواوە و گەیشتوون بە بەختەوەری. دەڵێی ئەمدیوی ئاو، بەدبەختی و چەرمەسەرییە و ئەودیوی بەختەوەری. ئەو ئاوەش شانسە، تێپەڕ بی یان بمریت، وەک قومارێ کە لەسەر ژیانت بیکەی. من بێزارم لەو جۆرە مامەڵەکردنە، بەڵام ئەوە واقعیەتی زۆرینەی ئەو خەڵکەیە. ئاوەکە تامێکی زۆر سوێری هەبوو. سوێرییەکەی لە ڕادەبەدەر بوو.

وردە وردە ئاوی ناو بەلەمەکە خاڵی کرایەوە و دوای سەد خولەک گەیشتینە کەنارەکانی یۆنان. لەوێ زۆرێک فۆتۆگرافەر‌ و بەشی فریاکەوتنیش وەستابوون. دەڵێم سەد خولەک بەسەر ئەو ئاوەوە بووین، بەڵام ئەوە تەنها سەد خولەک نەبوو! بیست و ئەوەندە ساڵ تەمەنی من، چل ساڵ تەمەنی کابرایەکی دیکە، حەوت ساڵ تەمەنی منداڵێک و بیست و پێنج کەسی تەمەنی جۆراوجۆری دیکە حساب بکە کە لەو سەد خولەکەدا لەوانە بوو تەمەنیان باتڵ بێتەوە و سفر ببنەوە و تەنها ببنە سەردێڕ و مانشێتی چەند ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنێک. وەک ئەوەی کە سی خولەک دوای ئێمە و لە بەلەمی دواتردا سێ منداڵی کەمتەمەن خنکان و وەک ئەو هەموو کەسەی تر کە خنکابوون و دەخنکێن.

بۆم گرنگ بوو بزانم ئایلانی سێ ساڵە لە کوێوە چوو و جەستەی کەوتبووە کوێ؟! گەرچی من مردن لەناو ئاودا بۆم ئاساییە، هەر وەک چۆن مردن بە رووداوی ئۆتۆمبێل یان لەکارکەوتنی کتوپڕی دڵی کەسێک؛ بەڵام کاتێ ئاوێک زیاتر لە ئاوبوونی خۆی مانا پەیدا دەکات، کاتێ دەبێت بە دەروازەی بەختەوەری بۆ لایەک لە مرۆڤەکانی ئەم سەر گۆی زەوییە، کاتێ دەبێتە سنوور، ئەو کاتە ئیتر ئەو مردنەش لام ئاسایی نییە و نابێت.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە