رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پێیوایە ئەمریکا و ئێران بوار بە درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوانیان و دانوستاندن دەدەن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 19-4-2026، لە پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، گوتارێکی لەبارەی کارەکانی کۆڕبەندەکە پێشکێشکرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
زۆرترین سەرنجەکان لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران بوون. هاکان فیدان لەبارەی ئاگربەستەکە گوتی: "دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوەدەچن، ئێمە نەک تەنیا چاودێری دەکەین، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا و ئێران و برایانمان لە پاکستان گفتوگۆمان کردووە ئامادەین کە هەرچییەکمان پێبکرێت. لە دانوستاندنەکاندا هەردوولا قۆناخێکی باشیان تێپەڕاندووە. ئیرادەی بەردەوامبوون لە دانوستاندن لە هەردوولا دەبینین. وڵاتان نایانەوێت شەڕ دەستپێبکاتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر ئەگەری دریژکردنەوەی ئاگربەستەکە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "درێژکردنەوەی دانوستاندنەکان شتێکە کە ویستی خەڵکی هەموو جیهانە. لێرەدا ویست و گوشاری زۆر هەن و کەس نایەوێ دووبارە جەنگ هەڵبگیرسێتەوە. کاریگەریی جەنگەکە لەسەر وزە و ئاسایش روونە. بەتایبەتی گوشار لەسەر نرخەکان هەیە. هەندێک وڵات هەستی پێ دەکات هەندێک هێشتا بە تەواوی هەستی پێ نەکردووە".
هاکان فیدان زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسەی کرد و گوتی، "بەڵام لە ئێستاوە داڕوخانی لە بودجەی چەندین وڵاتدا کردووە، بەتایبەتی زیانی قەرەبوونەکراوەی بە بودجەی 2026ی ئەو وڵاتانە گەیاندووە. لە سۆنگەی ئەو گوشارانەوە من لەو باوەڕەدام لایەنەکانی هیچ کێشەیەکیان لە درێژکردنەوەی ئاگربەستدا نەبێت. ئەگەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ روونەدات، یانیش لایەنەکان بۆ سەلماندنی خۆیان هەنگاوێک نەنێن، لەو باوەڕەدام بوار بە درێژکردنەوەی ئاگربەست دەدرێت و پرۆسەی دانوستاندن بەردەوام دەبێت".
هەر بەگوێرەی گوتەکانی هاکان فیدان، ئێستا واشنتۆن و تاران لە گفتوگۆی چڕی چەند بابەتێکن و گوتی:" نامەوێت باسی ناوەرۆکەکەی بکەم بەڵام پێش ئەوەی بێمە ئێرە پەیوەندیی تەلەفۆنیم بە پاکستانیەکانەوە کرد؛ بۆ ئەوەی بزانیین لە چ قۆناخێکین یان چی بە ئێمە دەکرێت. ئێمە هیوادارین ئاگربەست درێژبکرێتەوە و لەو ماوەیە پرسە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بن".
لەسەر ماوەی ئاگربەستەکە هاکان فیدان ماوەی 15 رۆژەی بە کورت وەسفکرد و گوتی:"ئەم ماوەیە بەشی چارەسەرکردنی ئەو دۆسیە گرنگانەی نێوان هەردوولا ناکات. بۆیە لەو باوەڕەداین ئەگەر دۆخێکی نەخوازراو نەبێ، هەردوولا ئاگربەست درێژ دەکەنەوە."
ئاگربەستە دوو هەفتیەییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر، کۆتایی دێت. ئەمە لەکاتێکدایە هەر لایەک ئەوەی دیکە بە پێشێلکردنی خاڵەکانی ئاگربەست تۆمەتبا ردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ