نەتەوە یەکگرتووەکان: پار 383 کارمەندی فریاگوزاری کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، کوژرانی کارمەندانی فریاگوزاری ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد 383 کارمەندی بواری مرۆیی کوژراون، ئەمەش بە "بەڵگەیەکی شەرمەزارکەر"ـی بێباکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناودەبات و هۆشداری دەدات کە ئاماری ئەم ساڵیش جێگەی "نیگەرانییە".
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە رۆژی جیهانیی مرۆیی بڵاویکردووەتەوە، ئاماری ساڵی 2024 بە رێژەی 31% بەرزترە لە ساڵی پێشتر، "هۆکارەکەشی بۆ ململانێ بێوچانەکانی غەززە دەگەڕێتەوە، کە تێیدا 181 کارمەندی مرۆیی کوژراون، هەروەها لە سوودان 60 کارمەند کوژراون." 
 
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەوانەی لە ساڵی 2024دا کوژران زۆرتریان بە دەستی هێزی سەر بە حکومەتی وڵاتان بوون. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەوانەی کوژراون کارمەندی خۆجێی بوون، لەکاتی ئەرکدا یان لە ماڵەکانی خۆیاندا هێرشیانکراوەتە سەر.
 
جگە لە کوژراوەکان، ساڵی رابردوو 308 کارمەندی مرۆیی برینداربوون، 125 رفێندراون و 45ـی دیکەش دەستبەسەرکراون.
 
تۆم فلێچەر، بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "تەنانەت یەک هێرش بۆ سەر هاوکارێکی مرۆیی، هێرشە بۆ سەر هەموومان و بۆ سەر ئەو خەڵکەی خزمەتی دەکەین". دەشڵێت، "هێرشی لەم جۆرە بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک، تۆمەتێکی شەرمەزارکەرە بۆ بێدەنگی و بێباکی نێودەوڵەتی."
 
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی ماڵپەڕی زانیاریی ئاسایشی کارمەندانی فریاگوزاری، ئەم ساڵ تاوەکو 14ی ئاب، 265 کارمەندی بواری مرۆیی کوژراون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە کە هێرشکردنە سەر کارمەندانی فریاگوزاری پێشێلکاریی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و زیان بەو ملیۆنان کەسە دەگەیێنێت  کە لە ناوچەکانی جەنگ و گرژییەکاندا گیانخواردووە. 
 
هەر ئەمڕۆ، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 800 هێرشیان بۆ سەر کەرتی تەندروستی لە 16 ناوچە پشتڕاستکردووەتەوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 10 کارمەندی تەندروستی و نەخۆش و برینداربوونی سەدانی دیکە.
 
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کاری مرۆییە. لە ساڵی 19ی ئابی 2003 سێرجیۆ ڤیێرا دی مێلۆ، بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و 21 کارمەندی دیکەی فریاگوزاری لە تەقینەوەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا کوژران، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەی وەکو رۆژی کاری مرۆیی ناساندووە.