نووسینگەی میدیایی حکومەتی فەلەستین: 16 رۆژنامەڤانی فەلەستینی کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی میدیایی حکومی لە غەززە، کە دامەزراوەیەکی حکومەتی فەلەستینە رایگەیاند، لە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا تاوەکو ئێستا 16 رۆژنامەڤان کوژراون، یەکێک لەو رۆژنامەڤانانە لوبنانی بووە. دەشڵێت، "بەرپرسیارێتیی کردنە ئامانجی رۆژنامەنووسان دەکەوێتە سەر داگیرکاریی ئیسرائیل."
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 نووسینگەی میدیایی حکومی لە غەززە، لەبارەی ژمارەی ئەو رۆژنامەڤانانەی کە لە ماوەی 12 رۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کراونەتە ئامانج، رایگەیاند، "بە دڵی پڕ باوەڕ بە قەزا و قەدەری خوای گەورە، نووسینگەی میدیایی حکومی سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو رۆژنامەڤانانە دەکات، کە لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی رۆژنامەڤانییان لە رووماڵکردنی تاوانەکانی دووژمنی زایۆنی گیانیان لەدەستدا."
لە راگەێیندراوەکەدا نووسینگەی میدیایی حکومی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو رۆژنامەڤانانە "لەپێناو بەرگریکردن لە فەلەستین و گەیاندنی دەنگی گەلی فەلەستین" بە جیهان، تەمەنیان بەسەربردووە.
نووسینگەکە ناوی ئەو رۆژنامەڤانانەی بڵاوکردووەتەوە کە گیانیان لەدەستداوە:
- سەعید تەویڵ
- هیشام نەواجحە
- محەممەد سبح ئەبو رزق
- محەممەد جرغون
- محەممەد ساڵحی
- ئیبراهیم لافی
- ئەسعەد شملخ
- حسام موبارەک
- ئەحمەد شەهاب
- محەممەد ئەبو مەتەر
- سەلام میمە
- عیسام عەبدوڵا
- عەبدولهادی حەبیب
- عیسام بەهار
- محەممەد بەلعوشە
- عەلی نەسمان
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیانپێکرد، کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023، تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان لە شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیل گەیشتووەتە سێ هەزار و 478 کەس و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش برینداربوون. هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردەوە، بەهۆی تۆپباران و مووشەکەکانی حەماسەوە تائێستا هەزار و 403 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار و 800 کەسیش بریندارن.