موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق: بە درۆن هێرشمان کردە سەر ئامانجێک لە ئیسرائیل

20-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێک لەنێو ئیسرائیل و جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی موقاوەمەی ئیسلامیی عیراق، هێرشەکەیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ و بۆسەر "ئامانجێکی گرنگ لە شاری ئیلات" لەنێو ئیسرائیل بووە.
 
بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 19-04-2024 ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئێران، بەڵام وردەکاریی هێرشەکەیان رانەگەیاندووە. ئاماژە بەوەش دەکەن ئیسرائیل، ئەمریکای لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەمریکا نە بەشدار بووە، نە پشتگیریی کردووە.
 
تائێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکانەوە نەداوە، بەڵام میدیای فەرمیی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، دەنگی سێ تەقینەوە لە شارۆچکەی قەهجاڤەرستان، لە باکووری رۆژئاوای شاری ئیسفەهان بیستراوە کە دەکەوێتە نزیک فرۆکەخانەی ئیسفەهان و بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، بنکە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە شاری ئیسفەهان سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی فرۆکەوانیی ئێران رایگەیاند، لەدوای چەند کاژێرێک لە راوەستانیان، گەشتەکانی فرۆکەخانەی تاران دەستیانپێکردووەتەوە.
 
شەوی شەممە 13-04-2024 ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 99%یان لەلایەن سیستمی دژە مووشەکیی ئیسرائیل و هێزی ئەمریکا و بەریتانیاوە تێکشکێندراون پێش ئەوەی ئامانجەکە بپێکن.
 
هێرشەکە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل.
 
رۆژی 15ی نیسانی 2024 هێرڤی هەلێیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی بنکەی سەربازی (نڤاتیم)ی لە باشووری ئیسرائیل کرد و بە سەربازانی گوت، "ئەو هێرشەی ئێران کە بە مووشەک، مووشەکی کروز و درۆن کرایە سەر خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل، وەڵامدانەوەی بەدواوە دەبێت."
 
ئێرانیش لەسەر ئاستی باڵا هۆشداریی دایە ئیسرائیل لەوەی کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی، ئەمجارە تاران وەڵامێکی تووندتری دەبێت.
 
هێرشەکەی ئێران دوای ئەوە هات، رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە