یسرائیل کاتز: لە کاتی ئاگربەستیشدا بە هەموو هێزێکمانەوە لە لوبنان دەدەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، فەرمانیان بە سوپا کردووە تەنانەت لە کاتی ئاگربەستیشدا پەنا بۆ "هێزی رەها" ببەن ئەگەر رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە؛ دەشڵێت، هەر خانوو و رێگەیەک بۆمبڕێژکرابێت یان وەک مۆڵگەی حیزبوڵڵا بەکاربهێندرێت، تێکی دەدەن.
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە گوتارێکدا لە کەناری رۆژئاوا رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو و من فەرمانمان داوە بە سوپای ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە هەموو هێزێکەوە کار بکەن، چ لە وشکانی و چ لە ئاسمانەوە، بە کاتی ئاگربەستیشەوە، تاوەکو سەربازەکانمان لە لوبنان لە هەر هەڕەشەیەک بپارێزن."
 
ئەم لێدوانانەی کاتز لە کاتێکدا دێن، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "تێرۆریستێکی چەکدار"یان کوشتوە کە ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە و لە هێزەکانیان نزیک بووەتەوە. وەزیری بەرگری گوتیشی، فەرمانی تێکدانی هەر ژێرخان، رێگە یان باڵەخانەیەک دراوە کە بۆمبڕێژکرابێت و مەترسی بۆ سەر سەربازەکانیان دروست بکات.
 
کاتز ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خانووانەی لە گوندە سنوورییەکان وەک "مۆڵگەی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا" بەکارهێنراون و هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکان، لادەبرێن. رۆژی شەممە، هێزەکانی ئیسرائیل پرۆسەی تێکدانی باڵەخانەکانیان لە شارۆچکەی بنت جوبەیل ئەنجامدا، کە پێش ئاگربەستەکە گۆڕەپانی جەنگێکی سەخت بوو.
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی دایە حکومەتی لوبنان و گوتی: "ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و نەهێشتنی گوشار و هەڕەشەیە لەسەر باکووری ئیسرائیل. ئەگەر حکومەتی لوبنان نەتوانێت پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، ئەوا سوپای ئیسرائیل لە رێگەی بەردەوامبوون لە کردارە سەربازییەکانەوە ئەو کارە دەکات."
 
ئیسرائیل و لوبنان لە 17-04-2026 ئاگربەستێکی 10 رۆژەیان راگەیاندووە، بەڵام کوژرانی سەربازێکی ئیسرائیلی لە ناو باڵەخانەیەکی بۆمبڕێژکراودا و لێدوانە تووندەکانی بەرپرسانی تەل ئەڤیڤ، ئاماژەن بۆ ناسەقامگیری دۆخەکە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لە هەر ساتێکدا لە ئارادایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە