رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە 13ی نیسانەوە رێگریان لە 27 کەشتی کردووە بچنە بەندەرەکانی ئێران یان لێیەوە بچنە دەرەوەی تەنگەی هورمز. دەشڵێت، هەر کەشتییەک هەوڵی شکاندنی گەمارۆکە بدات بە زەبری هێز رووبەڕووی دەبنەوە.
رۆژی دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، رێگریان لە کەشتییەک کرد بچێتە بەندەرەکانی ئێران، لە سەرەتای سەپاندنی گەمارۆکەشەوە رێگریان لە 27 کەشتی کردووە بچنە بەندەرەکانی ئێران یان لێیەوە تەنگەی هورمز جێبهێڵن.
رۆژی 13ی نیسان، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سێنتکۆم گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، گەمارۆکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە دوای راگەیاندنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە لە 8ی نیساندا، ئێران تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییەکاندا نەکردووەتەوە.
رۆژی 17ی مانگ، بەرپرسانی ئێران کردنەوەی تەنەگەکەیان راگەیاند، بەڵام رۆژێک دواتر بەهۆی هەڵنەگرتنی گەمارۆکەی ئەمریکاوە دایانخستەوە.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییەکاندا داخست.
بە گوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش جەنگ رۆژانە لانیکەم 100 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕین، لەو کاتەوەی جەنگە دەستیپێکردووە رۆژانە بە تێکڕا کەمتر لە 10 کەشتی پێدا تێپەڕیووە.
کەمبوونەوەی تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەکدا بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار.
ئەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕین جگە لە نەوت و گاز، بەشێکیان پەینی کیمیایی و شمەکی دیکە دەگواستەوە. بە گوێرەی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داخستنی تەنگەکە هەڕەشەی لەسەر کشتوکاڵ لە وڵاتانی جیهان و زیادبوونی ژمارەی هەژاران و ئەوانەی ئاسایشی خۆراکیان نییە، دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ