ئەحمەد سەحاف: لەم رۆژانەدا 41 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە

20-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا 124 پەنابەری عێراقییان لە لیبیا گەڕاندووەتەوە، زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون. دەشڵێت، لەم رۆژانە 41 کۆچبەری دیکەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەگەڕێننەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەمساڵدا 68 هاووڵاتیی عێراقی گەڕێندراونەتەوە کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون."
 
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی دوو مانگ و نیودا 41 کۆچبەری دیکەی هەرێمی کوردستانیان دۆزیوەتەوە لە لیبیا و کاروباری گەڕاندنەوەیان تەواو کردووە. گوتیشی: "بەسوپاسەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بلیتی گەڕاندنەوەی بۆ دابین کردوون و بەم نزیکانە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێنرێنەوە."
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی تاوەکو ئێستا گەڕێندراونەتەوە، ئەحمەد سەحاف گوتی: "وەکو باڵیۆزخانە لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا بەڵگەنامەمان بۆ 124 هاووڵاتیی عێراقی کردووە و گەڕاندووماننەتەوە."
 
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس دەڵێت، بەشێوەیەکی بەردەوام ژمارە تەلەفۆنەکانی باڵیۆزخانەکە بڵاودەکەنەوە و گوتی، "هانی خێزانە بەڕێزە عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان دەدەین پەیوەندیمان پێوە بکەن."
 
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەدا، گرنگییەکی زۆریان بە هاووڵاتییانی عێراقی داوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتییان و رزگارکردنیان لە تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانی بە مرۆڤەوە، بۆ ئەوەی زیانی گەورە بەر ئاسایش و سەلامەتییان نەکەوێت. دواتریش رێگە بۆ کۆچبەرە عێراقییەکان خۆش دەکەن، کە پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن بەمەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستی و سەلامەتییان."
 
بەگوتەی ئەحمەد سەحاف، "کۆچی نایاسایی بە شێوەیەکی دیجیتاڵی لە رێگەی پەیوەندیکردن لە رێگەی ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆرمەکانی پەیوەندییەوە دەستپێدەکات؛ کۆچبەران یان خێزانەکانیان پارە دەدەنە ئەو تۆڕانە، ئەو تۆڕانەش کۆچبەرەکان هەڵدەخەڵەتێنن و بە نایاسایی دەیانبەنە نێو خاکی وڵاتان، وەکو ئەوەی لە لیبیا روودەدات."
 
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بە هەوڵ و بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کرد لە پرسی کۆچبەراندا و گوتی، "ئەم هەوڵانە بەرز دەنرخێنم و سوپاستان دەکەم کە پشتگیریی پەیامەکانی هۆشیاری دەکەن لەبارەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و خێزان و کۆچبەران ئاگاداردەکەنەوە لە مەترسییەکانی کەوتنە داوی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە