لە شاری جەددەی سعودیە دوو خۆکوژ خۆیان تەقاندەوە

21-01-2017
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن سعودیە
A+ A-

رووداو - جەددە

دوو چەکداری خۆکوژ لە شاری جەددەی سعودیە پاش گەمارۆدانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خۆیان تەقاندەوە، چەكدارێكی دیكەش لەگەڵ هاوژینەكەی دەستگیركران.

رۆژی شەممە 21-1-2017، هێزە ئەمنییەكانی سعودیە لەیەك كاتدا هەڵیانكوتایە سەر دوو شوێن، بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، "تیرۆرستان" هەردوو شوێنەكەیان بۆ پشوودان و دروستكردنی بۆمب و پشتێنەی بۆمبڕێژكراو بەكارهێناون.

دوو چەكداری "تیرۆریست" لە شوێنی یەكەم ژیاون، هێزە ئەمنییەكان داوایان لێكردوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام ئەو دوو چەكدارەكە رەتیان كردووەتەوە و دەستیان بە تەقەكردن كردووە، لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكانیش بەرپەرچیان داونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە، دوو چەكدارە دوای بێئومێدبوون لە رزگاربوون و نەكەوتنە ژێر دەستی هێزە ئەمنییەكان، خۆیان تەقاندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تەقینەوەی شوێنەكە، كە وەكو كارگەی دروستكردنی بۆمب بەكاریانهێناوە.
 
هەمان كات لە گەڕەكی نەسیم-ی پارێزگای جەددە، هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتاوەتە سەر شووقەیەك كە كەسێكی لێبووە و پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو چەكدارە هەبووە، پێشئەوەی بەرگریش لە خۆی بكات، دەستگیركراوە.

دەستگیركراوەكە رەگەزنامەی سعودی هەیە و ناوی (حوسام صاڵح سەمیران)ە، هاوژینەكەشی  ناوی (فاتیمە رەمەزان  بالوشی)یە و رەگەزنامەی پاكستانی هەیە، ئەویش دەستگیركراوە، لە شووقەكەش دەست بەسەر چەندین پارچە چەكدا گیراوە.

وەك لە راگەیێندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی پێدراوە، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە دەستگیركراوەكان و ئاشكراكردنی ناسنامەی خۆكوژەكان كردووە، دوای وەرگرتنی زانیاری پێویست ئاشكراكردنی ناسنامەی دوو خۆكوژەكە كردووە و، لە ئایندەیەكی نزیكدا ناسنامەیان ئاشكرا دەكەن.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە